تورکیا لە بەعشیقەوە چی کردووە و چی دەکات؟

سەربازگەی بەعشیقە کە لەگەڵ هاتنی چەتەکانی داعش دامەزرا، دوای ئەوە چەندین کۆمەڵکوژیی ئەنجامدران، شەهیدکردنی زەردەشت شەنگالیش لە گوندی دووگرێ، دواین کۆمەڵکوژیبوو کە لەو سەربازگەیەوە ئەنجامدرا.

سەربازگەی بەعشیقە کە لەگەڵ هاتنی چەتەکانی داعش دامەزرا، دوای ئەوە چەندین کۆمەڵکوژیی ئەنجامدران، شەهیدکردنی زەردەشت شەنگالیش لە گوندی دووگرێ، دواین کۆمەڵکوژیبوو کە لەو سەربازگەیەوە ئەنجامدرا، لێپرسراوی مەڵبەندی موسڵی یەکێتیش جەختدەکاتەوە کە سەربازگەی بەعشیقە ڕۆڵی هەبووە لە بۆردوومانەکانی شەنگالدا.

ئاژانسی ڕۆژنیوز لەبارەی هێرشەکەی سەر شەنگال کە تێیایدا زەردەشت شەنگالی یەکێک لە فەرماندەکانی یەبەشە و ٣ شەڕڤان شەهید بوون دۆسیەکەی ئامادەکرد کە بەم شێوەیەیە:

" ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورک هێرشێکی ئاسمانییان بۆ سەر گوندی دووگرێ-ی شەنگال ئەنجامدا، کە بەهۆیەوە زەردەشت شەنگالی، فەرماندەی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال و سێ شەڕڤانی دیکە شەهیدبوون.

سەرچاوەکان هەرزوو ئەوەیان بڵاوکردەوە، کە ئەو هێرشە لە سەربازگەی شارۆچکەی بەعشیقەی تورکیا لە موسڵ پێکهاتووە، پسپۆڕانی سەربازیش ڕوونیدەکەنەوە، کە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی لەو شێوەیە، دەبێت خاڵی فڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نزیک بێت لە ئامانجەکەوە.

سەربازگەی بەعشیقە کەی دامەزراوە؟ چ گرنگییەکی بۆ تورکیا هەیە؟ هەتا ئێستا لەو سەربازگەیەوە چی کراوە؟ بۆچی گوندی دووگرێ کراوەتە ئامانج؟ لەم ڕاپۆرتەدا لێکۆڵینەوەمان لەسەر ئەو پرسانە و چەندین پرسی دیکە کردووە.

سەربازگەی بەعشیقە

ساڵی ٢٠١٥ لەدوای داگیرکردنی موسڵ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە، دەوڵەتی تورک سەربازگەیەکی لە ناوچەی زەلکانی بەعشیقە دامەزراند، پاساوی هێنانی هێزەکانی بۆ ئەو ناوچەیە کە نزیکەی ١٠٠ کیلۆمەتر دوورە لە سنووری تورکیاوە، شەڕی داعش بوو، بەڵام جموجوڵەکانییان لەو بنکەیە پێچەوانەی پاساوەکەیان بوو.

سەربازگەکە بەدووریی ١٢ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ، بەعشیقە دەکەوێتە سێکووچکەی موسڵ، هەولێر و دهۆک، سەربازگەکە لەسەر ڕووبەری ٢٥٠ دۆنم زەوی دامەزراوە و لە سەردەمی شەڕی داعشدا پێنج کیلۆمەتر لە سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە دووربووە.

لە هەنگاوی یەکەمی دامەزراندنی سەربازگەکەدا، دەوڵەتی تورک ٦٠٠ سەربازی بە ٢٥ زرێپۆش و چەکی قورس و سووکەوە ناردە بەعشیقە، بەڵام دواتر هێز و تەقەمەنیی زیاتریان ڕەوانەی بنکەکە کرد.

بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، زیاتر لە ٢ هەزار و ٥٠٠ سەرباز لەو سەربازگەیە جێگیرکراون، بەڵام هەندێ ڕۆژنامەنووسی تورک کە سەردانی سەربازگەکەیان کردووە، باس لەوە دەکەن کە ڕێگانادرێت بەهیچ شێوەیەک زانیاریی ناو سەربازگەکە بدرکێندرێت، بۆیە دیارنییە ژمارەی سەرباز و چەک و تەقەمەنیی ناو ئەو سەربازگەیە چەندە و لە چ ئاستێکدایە.

گرنگیی ستراتیژیی بەعشیقە بۆ تورکیا چییە؟

شارۆچکەی بەعشیقە خاڵێکی ستراتیژیی پارێزگای موسڵە و خەسڵەتی تایبەتی خۆی هەیە، شارۆچکەیەکی شاخاوییە و چیاکانی باشیک، مەقلوب و مەخار-ی تێدایە، زۆرینەی دانیشتووانەکەشی ئێزدین، جگە لەوەش شەبەک و کلدوئاشوریشی تێدا دەژین.

شارۆچکەی بەعشیقە، دەکەوێتە ٩٥ کیلۆمەتری دووری سنووری تورکیاوە، ناوچەیەکی ستراتیژییە دەکەوێتە نێوان موسڵ و پارێزگای دهۆک و سنووری تورکیاوە، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی سوننە مەزهەبن، ڕێگایەکی زەمینیش بەعشیقە دەبەستێتەوە بە خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە و سەربازانی تورک ئەو ڕێگایە بۆ هاتووچۆ بەکاردەهێنن، بەبێ ئەوەی تووشی هیچ ئاستەنگێک ببنەوە، بەوپێیەی زیاتر لە ١٨ بارەگای سەربازیی و ناوەندی هەواڵگریی میت لە سنووری شاری دهۆک بوونیان هەیە.

ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورک لە چەندین لێدواندا، بەعشیقە بە "جۆزەی پاراستنی ئاسایشی تورکیا لە عێراقەوە ناودەبات".

تورکیا لە بەعشیقەوە چی کردووە؟

تورکیا بەبیانووی شەڕی داعش سەربازگەی بەعشیقەی دامەزراند، بەڵام هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی بۆ شەڕی داعش ڕەتیکردەوە کە تورکیا هاوبەشی بکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا و داوای لێکرد هێزەکانیان لەو ناوچەیە بکشێننەوە.

هەر لە سەرەتای هاتنیان بۆ بەعشیقە، تورکیا دەستیکرد بە مەشق و ڕاهێنان پێکردنی چەکدارانی سوننە، ڕاهێنانی سەربازیی بە زیاتر لە پێنج هەزار چەکداری سوننەی موسڵ و دەوروبەری کردووە و چەک و مووچەشی بۆ دابینکردوون، ئەسیل نوجێفییش لەو سەربازگەیە بەر پرسیارێتی هەبووە کە چەکدارانی سوننەی تێدا ڕاهێندراوە.

ڕۆژى ١١ى تەموزى ٢٠١٨ شوان داودی، ئەندامى خولی پێشووى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ ڕۆژنیوز ئاشکرایکرد، کە لەلایەن تورکیاوە هێزێکى سەربازى ٥٠٠ کەسی بۆ بەرەی تورکمانیی دروستکراوە، کە بەوتەی داودی: ئەو هێزە ڕاستەخۆ لە لایەن تورکیاوە سەرپەرشتیی دەکرێت و ڕاهێنانیان لە تورکیا و بەعشیقە کردووە، هەروەها مووچە و یارمەتی ماددیی و مەعنەویان لە لایەن تورکیاوە دابین دەکرێت.

چەندین بەڵگە هەن لەسەر ئەوەی بێجگە لە تورکمانەکان، تورکیا هاوکاری گروپە توندڕەوەکان و چەتەکانی داعشی کردووە، بۆ ئەوەی ئارامی ئەو ناوچانە تێکبدات، بۆنمونە شه‌وی ٨ی نیسانی ٢٠١٨ له‌ گوندی حومه‌ره‌ی سه‌ر به‌شاردێی ڕه‌شاد لە شارۆچکه‌ی حه‌ویجه‌-ی سنووری پارێزگای که‌رکوک، لە شەڕێکی حەشدی شەعبی و گروپێک چەتەی داعش-دا پێنج چەتە کوژران، کە یەکێک لە چەتەکان ئاڵای تورکیا لەسەر تیشێرتەکەیەتى.

لە ٣ی ئازاری ٢٠١٧ چەند گروپێک چەکدار بەناوی پێشمەرگەی ڕۆژەوە هێرشیان کردە سەر شارەدێی خانەسۆری شەنگال، دواتر ئەوە ئاشکرابوو، کە لەناو ئەو گروپە چەکدارانەدا چەتەی سەر بە دەوڵەتی تورک هەبوون، کە لە بەعشیقەوە ڕاهێنانیان پێکراوە، هەروەها ئەندامی میتی تورکیشیان تێدابووە، کە بەتورکی قسەیان کردووە.

لە سێ ساڵی ڕابردووشدا دەوڵەتی تورک زیاتر لە پێنج جار بە فڕۆکەی جەنگیی و بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ناوچەکانی شەنگال و کامپی مەخموری کردووە، کە زۆرترین هێرشەکانیش بۆ سەر شەنگال بووە.

ڕۆژی ٢٥ی نیسان فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک بۆ یەکەم جار هێرشی ئاسمانییان کردە سەر شەنگال و چیای شەنگالیان بۆردوومان کرد، هەر هەمان ڕۆژ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک چیای قەرەچوغیان لە ڕۆژئاوای کوردستانیش کردە ئامانج.

لەدوایین هێرشی ئاسمانیشدا لە ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە دەوڵەتی تورکیا زەردەشت شەنگالی، فەرماندەی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال و سێ شەڕڤانی دیکەی شەهیدکرد، ١٥ی ئابی ساڵی ٢٠١٨یش لە هێرشێکی هاوشێوەدا زەکی شەنگالی، ئەندامی کوردۆناسیۆنی کۆمەڵگای ئێزدی شەهیدکرد.

لە هەموو ئەو کردانەوەشدا، سەربازگەی بەعشیقە ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە.

بۆچی تورکیا دووگرێ-ی کردە ئامانج؟

لەدوای هێرشەکەی ١٥ی ئەم مانگەوە ئەم پرسیارە دەکرێت، کە بۆچی تورکیا گوندی دووگرێ-ی کردووەتە ئامانج، دووگرێ لە سەروبەندی هێرشی چەتەکانی داعشدا بۆ شەنگال، سەدان هەزار ئێزدیی شەنگال ڕوویان لە چیای شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان کرد.

لەوکاتەدا شەڕڤانانی یەپەگە لەسەر داوای ئێزدییەکان، چوون بەهانای خەڵکی شەنگالەوە و دەرچەیەکی مرۆییان لە نێوان شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستاندا دروستکرد، خاڵی یەکەمی ئەو دەرچە مرۆییەش لە گوندی دووگرێ بووە. دووگرێ دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی چیای شەنگال و نزیکە لە شارەدێی سنونێوە، لەو دەرچەیەی کە شەڕڤانانی یەپەگە کردیانەوە، دەیان هەزار کەس لە شەنگالەوە چوونە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو دەرچەیەش بووە سەرەتای بەرخۆدانی ڕزگارکردنی شەنگال و دامەزراندنی سیستمی خۆبەڕێوبەریی و خۆپاراستن.

دوای کردنەوەی ئەو ڕێڕەوەش، یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە دامەزرێندراو و زەردەشت شەنگالیش، کە خۆی یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی یەکینەکە، کرایە فەرماندەی گشتیی هێزەکە.

یەبەشە ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە ڕزگارکردنی شەنگال لە چەتەکانی داعش و ئێستاش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەک هێزێکی فەرمیی دانیپێدانراوە، ئەمەش زۆر پلانی هەڵوەشاندەوە، بۆیە چاودێران بڕوایان وایە، تورکیا بە هێرشەکانی ئەو سیستمە دیموکراسییەی کردووەتە ئامانج.

هەوڵەکانی داخستنی سەربازگەی بەعشیقە؟

هاتنی سوپای تورک بۆ بەعشیقە بە ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەمەئاهەنگیی بووە لەگەڵ حکومەتی عێراق، ڕۆژی ٤ی ١١ی ٢٠١٥ فەریدوون سنیرلی ئۆغڵو، کە وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی تورکیا ڕێککەوتنامەیەکی بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان واژۆکردووە.

بەڵام دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک هێزی زیاتری ڕەوانەی بنکەکە کرد، حکومەتی عێراق ناڕەزایەتیی دەربڕیی و جگەلەوەی داوای کشاندەوەی سەربازانی تورکی کرد، هاوکات نامەیەکیشی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بەڵام هەوڵەکانی بێسوودبوون.

مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٦ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق بەفەرمیی داوای دەرچوونی سوپای تورکی کرد لە سەربازگەی بەعشیقە و مانەوەی سەربازانی تورکی لەو ناوچەیە بە هۆکار بۆ "هەڵگیرسانی شەڕی ناوچەیی" ناوبرد.

لەسەر داوای حەیدەر عەبادیش، ساڵی ٢٠١٦ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر هەبوونی سەربازگەی تورک لە بەعشیقە کۆبووەوە و دواتر بە فەرمیش داوایان لە تورکیا کرد، کە هێزەکانی لەو ناوچەیە بکشێنێتەوە، بەڵام تورکیا ملی بەو داواکارییە نەدا.

ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ ئەردۆغان لە وەڵامی داواکاریی حەیدەر عەبادی بۆ دەکردنی هێزەکانیان لە بەعشیقە، بە زمانێکی هەڕەشەئامێز وتی: سنووری خۆت بزانە، سوپای توركیا بە فەرمانی تۆ ناجووڵێتەوە، دەبێ بزانی تۆ كێیت و ئێمە كێین، هەوڵ مەدە سووكایەتیمان پێ بكەی.

پێشی ده‌ڵێ: پێشتر خۆتان داواتان لێ كردین بچینە "بەعشیقە" و ئێستا پێمان دەڵێن بڕۆن، ئێمە گوێ لە قاڵەقاڵی ئێوە ناگرین و خۆمان دەزانین چی دەکەین.

ساڵی ٢٠١٦ تورکیا لەژێر فشاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا، بەشێک لە هێزەکانی لە بەعشیقە کشاندەوە، کە بەپێی میدیاکانی تورک، بە هاوکاریی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، ئەو سەربازانە براونەتە بنکەکانی دیکەی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و جێگیرکراون.

بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە موسڵ دان بەوەدا دەنێت، کە بۆ دامەزراندنی سەربازگەی بەعشیقە داعش تەنها پاساو بووە، ئامانجەکەش "ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە و یەپەگەیە".

نەسروڵا سورچی، لێپرسراوی مەڵبەندی موسڵی یەکێتیی بۆ ڕۆژنیوز دەشڵێت:"ئەوەندەی من بزانم کاری ئەو بنکەیە ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکەیە، چاودێری پەکەکە دەکات لە هەرشوێنێک بێت، ئەگینا نە ناوچەیەک بووە شەڕی داعشی تێدا هەبێت و نە هیچ، هەرخۆیان داعشیان دەهێنا".

نەسروڵا سورچی دەشڵێت:"نابینن ڕۆژانە فڕۆکە دێت و بۆردوومانی شەنگال دەکات، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە ئەو بنکانە ڕۆڵیان هەیە لەو بۆردوومانانەدا، ئەو هێزانەشی کە لەو سەربازگەیەن هیچ هەماهەنگییەکیان نییە لەگەڵ ئەو هێزانەی کە لەو ناوچەیەن".

ئێستا سێ ساڵە موسڵ لە چەتەکانی داعش ڕزگارکراوە، تورکیا نەک هیچ هەنگاوێکی بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە بەعشیقە نەناوە، بەڵکو هەمیشە لە هەوڵی قایمکردنی شوێنپێی خۆیدابووە و هیچ نیازێکیش بە هەنگاوەکانییەوە نابینرێت بۆ چۆڵكردنی ئەو ناوچەیە.

ف.ق