خەڵاتی پێشبڕکێی کتێب خوێندنەوە بەخشرایە کۆمەڵێک لە کچان و کوڕانی کەرکوک

لە شاری کەرکوک ١٤ کچ و کوڕی شارەکە خەڵات کران لە پێشبرکێیەکی کتێب خوێندنەوەدا.

لە سەنتەری رۆشنبیریی شاری کەرکوک کۆمەڵێک لە کچان و کوڕانی شارەکە بۆ ماوەی ٣ مانگە بەشدارییان کردبوو لە پێشبڕکێی کتێب خوێندنەوەدا و خەڵات کران، ئەم پێشبڕکێیە لەلایەن رێکخراوی کتێب دۆستانەوە ریکخرابوو بە هاوکاریی زانکۆی کتاب لە شاری کەرکوک.

ئاڤان عوسمان ئەندامی لیژنەی پێشبڕکێکە دەربارەی چۆنیەتیی ئەنجامدانی پێشبرکێیە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "ئێمە پێشبرکێیەکی کتێب خوێندنەوەمان سازکرد، ژمارەی بەشداربوانی پێشبڕکێکە سەرەتا زیاد لە ٤٠ کەس بوون، بەلام ژمارەیەکی زۆریان نەیانتوانی بەردەوامبن تا ژمارەی براوەکان گەیشتنە ١٤ کەس."

دەربارەی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پێشبڕکێکە ئاڤان عوسمان ڕاشگەیاند: "ئەم پێشبرکێیە ماوەی سێ مانگ بەردەوام بوو بۆ ماوەی ١٢ هەفتە هەموو هەفتەیەک کتێبێکمان دیاری دەکرد تا بەشداربوان بتوانن شرۆڤەی لەسەر بکەن لەسەر ئەو بنەمایە نمرەمان دانابوو بۆ بەشداربووان."

هەروەها ئاڤان عوسمان وتیشی: "ئەوەی جێگای خۆشحالی بوو بەشداریکردنی رێژەیەکی زۆری کچان بوو لە پێشبڕکێیەکەدا، کە کچان توانییان لەو چوارچێوەیەدا دەربچن، کە کۆمەڵگا دیاری کردووە بۆیان."

ژ.ت