شەربەتی کوردان؛ ئاوی سووس

ئاوی سووس دەرمانی زۆر لە نەخۆشییەکانە و لە گەرمای هاویندا له‌ كوردستان زۆر ده‌خورێته‌وه‌.

ئاوی سووس لە هەموو شوێنێكی ئامەد دەتوانرێت پەیدا بکرێت. بە دەیان کەس کۆڵەپشتێک کە پڕیەتی لە ئاوی سووس دەخەنە سەر پشتیان و ئاوی سووس دەفرۆشن. هەم بژێوی خۆیانی پێ دابین دەکەن و هەم لە گەرمای هاویندا مرۆڤ فێنک ده‌كاته‌وه‌. جەمیل باتبای تەمەن ٦٩ ساڵان ماوەی ٤٠ ساڵی ته‌واوه‌ ئاوی سووس دەفرۆشێت و بژێوی ژیانی خۆی پێ دابین دەکات.

«ئێمە بە بنەماڵە ئەم کارە دەکەین»

جەمیل باتبای یەکێکە لەو کەسانەی کە ئاوی سووس دەفرۆشن. لە کۆڵانی گازیی ناوچەی سووری ئامەد ده‌زگه‌یه‌كی داناوە. باتبای باس لەوە دەکات کە ئەو لە گەنجییه‌وه‌ دەستی بەو کارە کردووە و سەرەتاش بەناو کۆڵانەکاندا گەڕاوە و ئاوی سووسی فرۆشتووە. باتبای ده‌ستنیشانی ده‌كات كه‌ ئەوان بە بنەماڵە ئەو کارە دەکەن و دەڵێت: «برا گەورەکەم ماوەی ٥٠ ساڵ ئەم کارەی کرد. پاشان ڕادەستی برایەکی دیكه‌ی کرد و ئەویش ماوەی ٤٠ ساڵ ئەم کارەی کرد. منیش ئەوە ماوەی ٤٠ ساڵە بەم کارە بژێوی ژیانی خۆم پەیدا دەکەم. ئەم کارە تێچوونی کەمە. هەم دەبمە هۆکاری فێنککردنەوەی مرۆڤەکان و هەمیش قازانجی ماددی دەکەم.»

باتبای بەبیری هێنایەوە کە کاتی خۆی به‌فرگر نەبووە و نه‌ لیمۆنات و نه‌ هیچ سارده‌مه‌نییه‌كی دیكه‌ نه‌بووه‌.

«ئێمە لە قەراخی چەمی دیجلە به‌رهه‌می گیایی سووس کۆدەکەینەوە»

محەمەد ئەڤەرەک-ی تەمەن ٣٣ ساڵان، هەم شەربەتی ئاوی سووس دروست دەکات و هەم خۆیشی دەیفرۆشێت. ئه‌و دەڵێت کە شەربەته‌كه‌ی ئەوان ئاوێکی سرووشتیی خواردنەوەیه‌.

ئەڤەرەک دەستنیشانی ده‌كات کە ئەوان کاتژمێر ٤ ی بەرەبەیان لە خەو هەڵدەستن و ده‌چن ڕه‌گی ڕووه‌كی سووس كۆده‌كه‌نه‌وه‌. ده‌ڵێت: «ئێمە ڕه‌گه‌كانی سووس دەهێنینەوە ماڵەوە و بە باشی پاکی دەکەینەوە. پاشان باش دەیهاڕین و دەیخەینە ناو تەشتەوە. ئاو به‌سه‌ریدا بەردەدەینەوە و بەو شێوەیە ده‌یهێڵینه‌وه‌. هەر نیو کاتژمێر جارێک ئاوەکەی دەگۆڕین. پاشان به‌باشی دایدەوەرێنین و دەیخەینە ناو تەرمۆزەوە. دواتر پەڕۆی تەڕی بەسەردا دەدەین و دەیبەینە بازاڕ و دەیفرۆشین. گیای سووس بە هاوین سەوزە و بە زستانیش وشکە.

محەمەد ئەڤەرەک هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ خوودی كۆكردنه‌وه‌ی ڕووه‌كی سووس زه‌حمه‌ته‌، لەبەرئەوە پێویستییان بە هاوکاریی بنەماڵەکەیان هەیە.

«نەک ته‌نها كۆكردنه‌وه‌،، بەڵکو دروستکردنەکەشی زەحمەتە. ئەم کارە پێویستییه‌كانی ئێمه‌ پڕ ناكاته‌وه‌، بەڵام لەبەرئەوەی کارێکی دیكه‌ نییه‌، ئەم کارە دەکەین. من خێزانێکی شەش کەسی به‌خێو دەکەم. کارێکی دیكه‌م هەبوایە بە کەمترین مووچەوە، ئەم کارەم نەدەکرد. ڕۆژانە بایی٨٠ - ١٠٠ لیرەی تورکی شەربەتی ئاوی سووس ده‌فرۆشم.»

«دەرمانی نەخۆشییەکانە»

ئەڤەرەک ده‌ستنیشانی ده‌كات کە ئاوی سووس دەرمانە و ده‌ڵێت: «بۆ هه‌رسكردنی خواردن باشه‌ و وا ده‌كات مرۆڤ حه‌زی بچێته‌ خواردن. هه‌روه‌ها سوودێکی دیكه‌ی ئەو ئاوە ئه‌وه‌یه‌ بۆ نەخۆشی گەده‌ باشه‌. ئاوی سووس یارمه‌تیده‌ره‌ بەردی گورچیلە فڕێ بدرێت. بۆ ئەو کەسانەشی کە ئازاری گەدەیان هەیە و گەدەیان دەسووتێتەوە و ترشەڵۆک دێتە سەرەوەی گەدەیان، ئاوی سووس زۆر باشە و سوودێکی زۆری هەیە.»

s.m