مرداربوونەوەى باڵندە جۆراوجۆرەکان لە دەریاچەی وان زیادیکردووە

لە ناوچە ئاوییەکانى ئەچەک و چەلەباگلی لە دەریاچەى وان ٢٣٢ باڵندە و پەلەوەری جۆراجۆر بوونیان هەیە، بەڵام لە ئێستادا مرداربوونەوەیەکى زۆر رووی لەو باڵندانە کردووە. ژینگەپاراێزان، هۆکارەکەى بۆ تێڕژانى پاشەڕۆی پیشەسازی و بیناسازی دەگەڕێننەوە.

قازی سپی و فلامینگۆ و ئەو باڵندانەى تر کە کۆچ بۆ شوێنەجۆراجۆرەکانى تر دەکەن، دەریاچەى وان بووەتە حەوانگەیان. سەدان جۆر باڵندە لە دەریاچەى واندان. بەڵام تێڕژانی پاشەڕۆی کارگە پیشەسازی و بیناسازییەکان لە سنووری گەڕەکى قاسم باگی لە ناوچەى ئەردیشی وان بووەتە هۆی ئەوە لە لێوارەکانى دەریاچەى واندا مرداربوونەوەى باڵندەکان روو لە زیادبوون بکەن.

هۆکاری سەرەکیى مرداربوونەوەى باڵندە و پەلەوەرەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە قەیوم لە ناوچەکانی ئارتەمێتان، ئەردیش و ناوچەکانى دەورووبەریان بەبێ گوێدانە پێوەرەکان پاشەڕۆی کارگە پیشەسازی و بیناسازییەکان دەڕژێننە ناو دەریاچەکەوە.

سەحەر قادر ئۆغڵو ئاتەش وتەبێژی ئەنجوومەنی ئیکۆلۆژیى میزۆپۆتامیا رایگەیاند، لێوارەکانى دەریاچەى وان شوێنى ژیانى ٤٥٠ باڵندە و پەلەوەری جۆراوجۆرن، کە ٢٣٠ جۆریان ئەو باڵندانەن، کە کۆچ بۆ کوردستان و تورکیا دەکەن.

راشیگەیاند، هەموو ساڵێک ژمارەیەک لە باڵندەکان و پەلەوەرەکان دەمرن و هۆکاری ئەوەش تێڕژاندنى پاشەڕۆی کارگە پیشەسازی و بیناسازییەکان بۆ ناو دەریاچەى وان و پاکنەکردنەوەى دەریاچەکەیە.

ئەوەشی وت، تاوەکو تێڕژاندنى ئەو پاشەڕۆیانە بەردەوام بێت و پاکنەکردنەوەى دەریاچەکە و لێوارەکانی ئەنجام نەدرێت مرداربوونەوەى باڵندە و پەلەوەرە جۆراوجۆرەکان بەردەوامییان دەبێت.

ر.م