پلاتفۆڕمی ژینگه‌پارێزی: دارستانه‌كان به‌ بیانووی ئه‌منی ده‌سووتێنرێن

پلاتفۆڕمی ژینگه‌پارێزی له‌ ئامه‌د لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانی دا و ده‌ستنیشانی كرد كه‌ دارستانه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌ به‌ بیانووی ئه‌منی ده‌سووتێنرێن.

به‌ پێشه‌نگایه‌تیی پلاتفۆڕمی ژینگه‌پارێزی له‌ ئامه‌د، به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی - كه‌جه‌ده‌، پارتی دیموكراتی گه‌لان - هه‌ده‌په‌، پارتی هه‌رێمه‌ دیموكراتییه‌كان - ده‌به‌په‌، پارتی سۆسیالیستی چه‌وساوه‌كان - ئه‌سه‌په‌، پارتی گه‌لی كۆماری - جه‌هه‌په‌، كۆمه‌ڵه‌ی ٧٨، دایكانی ئاشتی، پلاتفۆڕمی ژنانی دیجله‌ ئامه‌د، په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ له‌ ئامه‌د ڕه‌مزیه‌ تۆسون و سه‌لچوك مزراكلی كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌وانی دژی خراكردنی سرووشت و سووتاندنی دارستانه‌كان ساز كرا.

«له‌ ساڵی ٢٠١٧ زیان به‌ ڕووبه‌ری ١١ هه‌زار و ٩٩٣ هێكتار گه‌یشتووه‌.»

ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمه‌ڵه‌ی ژینگه‌پارێزی نیمه‌ت سه‌زگین له‌ كۆنفڕانسه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا قسه‌ی كرد و به‌بیری خسته‌وه‌ كه‌ له‌ توركیا سووتانی دارستانه‌كان زیانی زۆری هه‌بووه‌ و بووه‌ته‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی مرۆڤه‌كان. سه‌زگین ئاماژه‌ی بۆ ڕاپۆرتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی دارستانه‌كان كرد و گوتی: «به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٧دا، ٢ هه‌زار و ٤١١ جار ئاگر كه‌وتووه‌ته‌وه‌. ١١ هه‌زار و ٩٩٣ هێكتار به‌هۆی سووتانه‌وه‌ زیانی پێگه‌یشتووه‌. له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ هه‌زار و ٢٨٠ ڕووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ تۆمار كراوه‌ كه‌ بكه‌ره‌كان دیار نین، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا به‌هۆیانه‌وه‌ ٤ هه‌زار و ١٣٦ هێكتار سووتاوه‌ و بووه‌ته‌ خۆڵه‌مێش.»

«دارستانه‌كان به‌ بیانووی ئه‌منی ده‌سووتێنرێن»

نیمه‌ت سه‌زگین له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ڕایگه‌یاند، ڕووداوه‌كانی سووتان له‌ هه‌رێمه‌كه‌ به‌ سووتانی بكه‌رنادیار پێناسه‌ ده‌كرێن. گوتیشی: «دارستانه‌كانی هه‌رێمه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سرووشتی ناسووتێن، به‌ڵكوو یان به‌ ده‌ستی خه‌ڵك ده‌سووتێنرێن، یان به‌ هۆكاری ئه‌منی.»

«ئێمه‌ خاوه‌نداره‌تی له‌ دارستانه‌كان ده‌كه‌ین»

ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمه‌ڵه‌ی ژینگه‌پارێزی نیمه‌ت سه‌زگین ده‌ستنیشانی كرد كه‌ به‌هۆی خه‌مساردی به‌رپرسان دارستانه‌كان ده‌سووتێنرێن و گوتی: «ئه‌ركی گرێدراو به‌ دارستانه‌كان پشتگوێ ده‌خرێت. پێگه‌ی خۆیان به خراپی به‌كاردێنن. ئێمه‌ ڕێگه‌ ناده‌ین كه‌ دارستانه‌كان بسووتێن و خاوه‌نداره‌تییان لێ ده‌كه‌ین.»

s.m