کاری زۆر و کرێی کەم؛ کرێکارانی وەرزی

کرێکارانی وەرزیی بەشی کشتوکاڵ دوور لە زێد و ماڵی خۆیان کار دەکەن و ناچار دەکرێن ماوەیەکی زۆر بە کرێی کەم کار بکەن. یەکێک لەو کرێکارانەش دەرچووی زانکۆیە و ناوی مەڤلا یلدز.

بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا کرێکاری وەرزی بۆ بژێویی ژیانیان لە کوردستانەوە ڕوودەکەنە شارە گەورەکانی تورکیا. یەکێک لەو شوێنانەی زۆرترین کرێکاری وەرزی تیایدا کار دەکەن شاری مانیسایە. مانیسا بۆ کرێکارە وەرزییە کشتوکاڵییەکان بووەتە شوێنی دابینکردنی بژێوی. ئەو کرێکارانە بە کرێیەکی هەرزان چەندین کاتژمێر کار دەکەن. دوای کاریش لە شوێنێکدا دەمێنەوە، کە هەلومەرجەکانی ژیانی تێدا نییە. یەکێک لەو کرێکارانە لە ئامەدەوە بۆ بژێویی ژیانی ڕووی کردووەتە مانیسا مەڤلا یلدزە.

'یەکێکم لە ملیۆنان کەسی بێکار'

مەڤلا یلدز خەڵکی ئامەدە و تەمەنی ٢٤ ساڵە و دەرچووی بەشی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنە لە زانکۆ. بۆ بژێویی ژیانی دەستی بەو کارە کردووە. یلدز ڕایگەیاند، ئەویش دەیویست لە بواری پسپۆرییەکەی خۆیدا کار بکات. باسی لەوەکرد، بەهۆی ئەو سیاسەتانەی کە لەو وڵاتەکەدا هەیە ئەویش بووەتە یەکێک لەو ملیۆنان کەسە بێکارە. یلدز وتی، لەبەر ئەوەیە کە چەندین کیلۆمەتر هاتووە و ئێستا لە کێڵگەکان کار دەکات.

یلدز ئاماژەی بەوەکرد، بۆ تێرکردنی سکیان، چەندین کاتژمێر لەم کێڵگانە کار دەکەن. سەرنجی ڕاکێشایە سەر مەرجەکانی کارکردن لەناو کێڵگەکان و وتی: "دۆخی ئێمە لەو کۆیلانە دەچێت کە بە زۆر لە شوێنی خۆیان دەرکراون. ئێمەش ئەو کەسانەین بە ناچاری ڕوومان کردووەتە ئێرە. ئێمە لێرەش بۆ تێرکردنی سکمان کار دەکەین. ئەو دۆخەی ئێستا ئێمە تێیداین کۆیلەیی مۆدێڕنە. ئەو دۆخە لە هەلومەرجەکانی ڕووداوی کۆیلەکانی مێژوو دەچێت. بەهۆی ئەوەی لە وڵات قەیرانێکی ئابووری هەیە، باجەکەی گەل دەیدات. ئێمە لە ئامەد کشتوکاڵ و ئاژەڵداریمان دەکرد. بەهۆی دۆخی گلوباڵی جیهانی، وەرزەکان گۆڕاون. بەهۆی ئەوەی بارانی پێویست نابارێت، کشتوکالیش ناکرێت، ساڵی ڕابردوو بایی ٣٠ بۆ ٤٠ هەزار لیرە کشتوکاڵمان کردبوو، هەمووی بووە زیان. باجەکانی قەیرانی ئابووریی گەل دەیدات و ئەوەش وایکردووە ئێمە لە ماڵ و گوندی خۆمان کۆچ بکەین".

مەڤلا یلدز لەبارەی ئەو قەیرانە و بێکارییەوە وتی: "کارێکی تر نەبوو ئەنجامی جگە لە کرێکاریی وەرزی. هەرچەندە لە وڵاتی ئێمەدا بەزۆریش بێت بژێوییەکمان هەبوو کە پێی بژین، بەڵام باجی قەیرانی ئابووری ئێمەی هەژاران دەیدەین. کاتێک دۆخێکی لەو شێوەیە هەبێت ناچارین هەموو ساڵێک ڕوو بکەینە شوێنی وەکو ئێرە".

'نە کاتی کارکردن و نە کاتی گەڕانەوەمان دیار نییە'

یلدز لەبارەی هەلومەرجەکانی کار و ژیان و شوێنی حەوانەوەیانەوە وتیشی: "کاتێک ئێمە لە ماڵ هاتین بە حسابی ئەوە هاتین بیبەر بچێنین، بەڵام دواتر ئاشکرا بوو کە بیبەر بەهۆی نەخۆشییەکی کشتوکاڵییەوە هەمووی لەناوچووە. منیش بیستم کە بۆ ترێ ڕنین لە کرێکار دەگەڕێن، کاتێک هاتینە مانیسا بۆم دەرکەوت کە دوای مانگێکی دیکە وەرزی ترێ ڕنینە، بۆ ئەوەی بێکار نەبم، ئێستا خەریکی تەماتە ڕنینم لەم کێڵگەیە. وتیان ئێوە هێندەی ٥٠ بۆ ٦٠ ڕۆژ کار دەکەن. هێندەی ١٠ ڕۆژ بەدوای کاردا گەڕاین، دواتر کارمان دۆزییەوە و دەستمان پێکرد. تەماتەش دانە دانە دەچنرێت. کاتێک حسابی تۆن دەکرێت، هەموو پێکەوە کار دەکەن، ئەوەی کار دەکات و ئەوەی کار ناکات وەکو یەک حەقدەست وەردەگرێت، ئەوەی کار دەکات دەبێت هەم حەقدەستی خۆی هەم حەقدەستی ئەوەی کار ناکات دەربکات. بە سندوقیش کار هەیە، ٤٠ سندوق بە ٧٥ لیرەیە. هەتا شەویش کار بکەیت ئینجا ئەتوانی ٥٠ بۆ ٦٠ سندوق بچنی. تەماتەکان بچووکن و بوون بە ژێر گیاوە. پێویستە تەماتەکانیش دەستبژێر بکەین. دەڵێن: 'بچووکەکان مەچنن'، 'ڕزیوەکان مەچنن'، 'گیا نەکەوێتە ناو تەماتەکان' لە کۆتایی ڕۆژدا ٥٠ بۆ ٦٠ سندوق دەڕنین. ١٠ سندوق بۆ سەرکارە. ئەوەی دەمینێتەوە، بەزۆر بەشی کرێی مانەوە و ڕێگە دەکات، خۆی هیچ نامێنێتەوە بۆ پاشەکەوت. کاتی کارکردن نییە. بەیانیان کاتژمێر ٤:٣٠ بۆ ٥:٠٠ بە تراکتۆر لەماڵ دەردەچین. کاتی گەڕانەوەشمان دیار نییە. چونکە بە کرێی ڕۆژانە نییە. هەندێک جار زوو دەگەڕێینەوە، هەندێک جاریش هەتا درەنگی شەو کار دەکەین. ٢٠ ڕۆژ زیاترە لێرەین. هەقدەستی ١٠ ڕۆژمان بە زۆر بوەتە هەزار لیرە. ئەوەش نیشانەی کەمیی حەقدەستەکەمانە".

'ئەو شوێنەی لێی دەمێننەوە زۆر پەڕپوت و پیسە'

یلدز سەرنجی ڕاکێشایە سەر هەلومەرجەکانی ژیان لەو شوێنەی تێیدا دەمێننەوە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "لە ماڵی زۆر کۆن و پەڕپوتدا دەمێنینەوە. کاتێک لە ئامەدەوە هاتین، وتیان ئێوە لە ماڵان دەمێننەوە. گوتیان ئاو و کارەبا و هەموو شتێکی تێدایە، بەڵام کە هاتین سەیرمان کرد هەر بە ناو ماڵە. لە ماڵەوە، ئێمە ئاژەڵەکانمان نەدەبردنە ناو ئەو ماڵانەی ئێستا لێیان دەمێنینەوە. ئێمە ٢٠ بۆ ٣٠ کرێکاری ژن و پیاوین. لە ماڵێکدا دەمێنینەوە ٤-٥ ژووری هەیە. لێرە تەنها توالێتێک و سەرشۆرێک هەیە. بۆ دابینکردنی پێداویستییە تاکەکەسییەکان زۆر سەختی دەکێشین".

'ئەو پەرلەمانتارانەی بە ٢٢ هەزار لیرە ناتوانن بژین، وەرن جێگەمان بگۆڕینەوە'

لە کۆتاییدا مەڤلا یلدز ڕایگەیاند، گەلێک شت هەیە باسی بکەن، بەڵام ڕایگەیاند، ئەو هیوادارە خەڵک هەبێت گوێیان لێ بگرن و بەو قسانە سەرنجی ڕاکێشایە سەر قسەکانی سەرۆکی پەرلەمان کە وتبووی 'پەرلەمانتار هەیە ناتوانێت بە ٢٢ هەزار لیرە بژی' و وتی: "بانگی ئەو پەرلەمانتارانە دەکەم کە ناتوانن بە ٢٢ هەزار لیرە بژین، وەرن جێگاکەمان بگۆڕینەوە".

ژ.ت