کەشتیى "ئالان کوردی" لە دەریاى سپیى ناوەڕاست پەنابەران رزگار دەکات

رێکخراوی هاوکاریى چاوی دەریا (Sea-Eye) کە بارەگاکەى لە ئەڵمانیایە ناوی ئەو کەشتییەى خۆی، کە لە دەریاى سپیى ناوەڕاستدا پەنابەران رزگار دەکات، دەگۆڕێت بۆ "ئالان کوردی".

منداڵێکی تەمەن ٣ ساڵی رۆژئاواى کوردستان بە ناوی "ئالان کوردی" لە دەریاى سپیی ناوەڕاست لە کاتى پەڕینەوە بەرەو ئەوروپا لەو دەریایەدا خنکابوو و تەرمەکەى لە لێوارەکانى بۆدروم دۆزرایەوە. ئەوەش بووە سیمبولی کارەساتى ئەو دەیان هەزار پەنابەرە کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا روویان لە ئەوروپا کردبوو. وێنەی ئالان کوردی بۆ بۆ ماوەیەکى دوور و درێژ بووە هێماى گێڕانەوەى چیرۆکی تراژدی و دڵتەزێنى پەنابەران.

ناوی "ئالان کوردی" بۆ ئەو کەشتییەیى هاوکاریکردن دادەنرێت، کە لە دەریاى سپیى ناوەڕاست کاری رزگارکردنى پەنابەرانە. رێکخراوى هاوکاریى چاوی دەریا (Sea-Eye) کە بارەگاکەى لە شاری ریگینسبۆرگی ئەڵمانیادایە، ناوی کەشتیى "پرۆفیسۆر ئالبرێخت پینک - Professor Albrecht Penck" دەگۆڕێت بۆ ناوی "ئالان کوردی".

گۆردن ئیسلر بەڕێوەبەرانى رێکخراوی چاوی دەریا لەبارەی گۆڕینى ناوی کەشتییەکەیانەوە وتى "دەمانەوێت بە گۆڕینى ناوی کەشتییەکەمان سەرنجەکان بۆ ئەوە رابکێشین، کە بابەتى شەپۆلی پەنابەران بابەتێکى مرۆییە. لە بناغەى ئەو کێشەیەدا مرۆڤەکان لە دەریاى سپیی ناوەڕاست دەخنکێن و ئازارێکى قورس بۆ خزم و کەسوکاریان بەجێدەمێنێت".

عەبدوڵا کوردی باوکی ئالان کوردی لەوبارەیەوە رایگەیاند، دڵخۆشە بەوەى کە کەشتیى رزگارکردنى مرۆڤەکان لە دەریاى سپی ناوەڕاست کراوە بە ناوی "ئالان کوردی"یەوە.

راشیگەیاند "ئەو ئازارەى کە ئێمە دەیکێشین بە هەزاران دایک و باوک و خێزانى تریش دەیکێشن" و نابێت ناوی ئالان کوردی هەرگیز لە یاد بچێتەوە.

ئاهەنگی ناونانی کەشتییەکە لە بەندەری پاڵما دێ مایورکای ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت و عەبدوڵا کوردی باوکی ئالان بە ناوی ئالان کوردیی کوڕییەوە بەشداری لە ئاهەنگەکەدا دەکات.

بنەماڵەى کوردی خەڵکی کۆبانێ لە رۆژئاواى کوردستانن و لە ساڵی ٢٠١٥دا بە لەمێک لە دەریاى سپیی ناوەڕاستەوە روویان لە دوورگەى کۆس لە یونان کردبوو، بەڵام بەلەمەکە لە ناو شەپۆلی ئاوی دەریاکەدا هەڵگەڕابووە و دوای ماوەیەکیش نقوم بوو و بەو هۆیەوە ئالان کوردی، غالب کوردیى برای، رەیحانی دایکى ئالان و غالب لەگەڵ ٩ پەنابەری تری سەر بەلەمەکەدا ژیانیان لە دەستدا.

رووداوی گیان لەدەستدانى ئالان کوردی و کاردانەوەکانی

ڕۆژى ٢ى ئەیلولى ٢٠١٥ / ١١ی خەرمانان کاتژمێر شەشی بەیانى لە لێوارەکانى ئاکیالار لە قەزاى بۆدروم لە پارێزگاى موغلای تورکیا، تەرمى ئالان کوردیى تەمەن ٣ ساڵان دۆزرایەوە، کە بە دەمدا بەسەر لمەکانى لێواری دەریاکەدا کەوتبوو.

جگە لە ئالان کوردی، غالیب کوردیى تەمەن پێنج ساڵانی برای و ڕەیحان شتۆى تەمەن ٢٨ ساڵانى دایکیشى بەهۆى نقومبوونى کەشتییەکەیانەوە لە دەریادا خنکابوون و گیانیان لە دەستدا.

ئەوەش لە کاتێکدا بوو، کە ئەو خێزانە کوردەى خەڵکى شارى کۆبانێى ڕۆژئاواى کوردستان هەوڵیاندابوو بە کەشتى و لە ڕێگەى دەریاى سپیى ناوەڕاستەوە  بپەڕنەوە بۆ ئەوروپا، بەڵام بەهۆى زریانى دەریا و وەرگەڕانى ئەو کەشتییەى لەسەریبوون ئالان و براکەى و دایکى گیانیان لەدەستدا.

ڕۆژى ٤ى ئەیلولى ٢٠١٥ / ١٣ی خەرمانان عەبدوڵا کوردیى باوکى ئالان و غالب و هاوسەرى ڕەیحان، تەرمى هەموو ئەندامانى خێزانەکەى بە ئامادەبوونى بەرپرسانى کانتۆنى کۆبانێ و چەندین کەسایەتى و جەماوەرى ئەو کانتۆنە لە ڕێوڕەسمێکى گەورەدا لە زێدى خۆیاندا بە خاکسپارد.

وێنەکانى ئالان کوردى کە بە دەمدا کەوتبوو بەسەر لمەکانى لێواری دەریاکەدا، بە خێرایى لە میدیاکانى جیهانەوە بڵابوویەوە و ئەوەش کاردانەوەى زۆرى نێودەوڵەتیى بەرامبەر بە پەنابەرەکان لێکەوتەوە.

چەندین پەیکەر لە وڵاتە جۆراجۆرەکان بۆ ئالان کوردی دروستکرا. چەندین گۆڤار و رۆژنامە وێنەی ئالان کوردییان کردە وێنەی لاپەڕەى یەک و وێنەکەیان بە گەورەیى بڵاوکردەوە. چەندین کەناڵی ئاسمانى و ناوخۆیی چەندین جار وێنەکانى ئالان کوردییان بڵاوکردەوە. لە چەندین کۆڕ و کۆمەڵی نێونەتەوەیەدا وێنەکانى ئالان کوردی بەرزکرانەوە و باس لە کارەساتى پەنابەران کرا. لە چەندین ناوچە و وڵاتى جۆراجۆر ئاهەنگی رێزگرتن و یادکردنەوە بۆ ئالانى کوردی بەڕێوەچوو. لە چەندین پێشانگەى جۆراجۆردا وێنەکانى ئالان کوردی بۆ نمایش کران.

ر.م