هاوکاریی پەدەکە – تورکیا بووە رۆژەڤی میدیاکانی فەرەنسا

رۆژنامەی وێست – فرانس (Ouest-France) باسی لە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتى تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و جموجوڵی پەدەکە و هەروەها گوشارەکانیان بۆ سەر گەل کرد.

هەواڵێک لەلایەن سیلڤانیا مارکادیر لەو رۆژنامەیەدا بڵاوکرایەوە و تیایدا راگەیاندراوە، هاووڵاتییانی مەدەنی باجی ئەو "شەڕە چەپەڵ" دەدەن.  

لە هێرشی مووشەکیدا ٣ برازای بریندار بوون

دانیشتویەکی گوندی مێرگێ رەش لە ناوچەى برادۆستی سیدەکان بە ناوی سلێمان باسی ئەوەی بۆ رۆژنامەکە کردووە، کە ناچارکراون هاوینی رابردوو گوندەکەیان چۆڵ بکەن و وتی، "بە یەکەم هێرشی مووشەکی ئاگر بەربوویەوە باخ و باچخەکەمان و برازاکانم هەوڵیاندا ئاگرەکە بکوژێننەوە، بەڵام لە هێرشی دووەمدا بە مووشەک هەر ٣ برازاکەم بریندار بوون. قاچی یەکێکیان پڕی. ئێمە هەموو شتێکی خۆمان لە دەستدا".

سلێمان رایگەیاند، هێرشەکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دروستکردوون و جارێکیتر ناتوانن بگەڕێنەوە گوندی مێرگێ رەش و گوندەکە بە تەواوی چۆڵکراوە.

هەزاران کەس وەک سلێمان ناچار بوون ماڵی خۆیان لە ناوچە شاخاوییەکان چۆڵ بکەن.

"لە کاتی هێرشەکەدا یەک پەکەکەیی لە ناوچەیەدا نەبوو"

رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە "سەرۆک کۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان سوود لە گێژاوی سوریا وەردەگرێت و ئۆپراسیۆن لە دژی بارەگاکانی پەکەکەی زیاد کردووە". ئەوەشی دەستنیشان کردووە، کە بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و بە تایبەتی هێرش دەکرێتە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی.

خۆشەوی برازای سلێمان دەڵێت، "ئەو رۆژەی هێرشکرایە سەر مێرگێ رەش یەک شەڕڤانیش لەوێ نەبوو. پەکەکە لە ماڵەکانی ئێمەوە دوورن و لە ناو دارستانەکاندا دەمێننەوە".

برا بریندارەکانی نیگەرانن

خۆشەوی ناچاربووە لەگەڵ براکانیدا ماڵەکەى بگوێزێتەوە بۆ شاری سۆران و لەوێ بە خێرایی خانوویەکیان بۆ خۆیان دروستکردووە. هەر دوو براکەى کەمئەندام بوون و نیگەرانی داهاتووی خۆیانن و وتی، "بۆ کردنەوەى خانووەکەمان قەرزمان کردووە. ئێمە ناتوانین منداڵەکانمان بنێرین بۆ خوێندنگە. حکومەت (حکومەتی هەرێمی کوردستان) هیچ جۆرە هاوکارییەکی نەکردووین".

سوپای تورک پشتی بەوە قایمە کە سزا نادرێت، بۆیە هێرش دەکات

رۆژنامەکە باسی ئەوەیکردووە، سوپای تورک پشتی بەوە قایمە کە سزا نادرێت، بۆیە هێرش دەکات. باسی ئەوەشیکردووە، لە ناوچەى برادۆست شوانێک بەهۆی هێرشی سەربازانی تورکەوە بریندار بووە. سەربازانی تورک هێرش دەکەنە سەر مەڕ و ماڵات و هەموو شتێکی نزیک ئەو بنکانەى کە لەو ناوچەیەدا دروستیان کردوون.

بنەماڵەیەک لە ناوبرا، هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەوە نەکرا

دانیشتوانی سیدەکان بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، "ساڵی پار بنەماڵەیەکی پێکهاتوو لە ٢٠ کۆچەر، بوونە ئامانجی هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی تورک، بەڵام هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەبارەى ئەو هێرشەوە ئەنجام نەدرا".

لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بەلانیکەمەوە ٩٧ هاووڵاتی لە بۆردومانەکاندا کوژراون

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تیمەکانی ئاشتیی مەسیحی (سی پی تی – CPT / Christian Peacemaker Teams) بەلانیکەمەوە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە ٩٧ کەس بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکەى ١٠٠ کەسی تریش بریندار بوون. بەپێی ئامارەکانی هەمان رێکخراو، ١٢٦ گوند بە تەواوی چۆڵکراون و هەڕەشە لەسەر ٥٠٠ گوندی تریش هەیە.

رۆژنامەی وێست – فرانس (Ouest-France) باسی ئەوەشیکردووە، "تورکیا لەو هێرشە چەپەڵانەدا سوود لە جیاوازی و ناکۆکیی نێوان کوردیش وەردەگرێت و لەو چوارچێوەیەدا ئەنقەرە بڕوای بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هەیە".

دەیان کەس، کە رەخنەیان لە پەدەکە گرتبوو دەستگیرکران

چالاکوانێکی گەنج کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە، رایگەیاندووە، دەیان کەسی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازی، کە هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بۆ دەوڵەتی تورک-یان ئیدانە دەکرد و رەخنەیان لێدەگرت، لەلایەن دەسەڵاتی پەدەکەوە دەستگیرکراون.

سیاسەتمەدارێکی کوردیش بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، پەدەکە هەوڵ دەدات رێگای پەکەکە لە چەمانکێی گارە بگرێت و بەو هۆیەوە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە دوای ٢٥ ساڵ و بۆ یەکەمجار لەو ناوچەیەدا قەیرانێکی چەکداری دروستبوو.

ژ.ت