لە گوندی مالکییەی عەین عیسا دەست بەسەر چەک و جبەخانەی داگیرکەراندا گیرا

شەڕڤانانی قەسەدە هێرشێکی تری دەوڵەتى تورک و چەتەکانیان بۆ سەر عەین عیسا تێکشکاند و دەستیان بەسەر چەک و جبەخانە و ژمارەیەک لە تەرمی چەتەکاندا گرت.

لە چەند هەفتەى رابردوودا سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی هەموو رۆژێک گوندەکانی عەین عیسا تۆپباران دەکەن و هەوڵ دەدەن ئەو گوندانە داگیر بکەن و یەکێک لەو گوندانەش کراوەتە ئامانجی ئەو هێرشانە، گوندی مالکییە.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە چوارچێوەی پاراستنی رەوادا بەرەنگاری هێرشەکان دەبنەوە و یەک لە دوای یەک هەوڵە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکان تێکدەشکێنن.

ئەمڕۆ قەسەدە لە دوای تێکشکاندنی هێرشەکی چەتەکان و دەوڵەتی تورک، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکانی دەورووبەری گوندی مالکییەیان دەستپێکرد و لەو هەڵمەتەدا دەستیان بەسەر ژمارەیەک چەک و جبەخانەى چەتەکاندا گرت و ژمارەیەکی زۆر تەرمی چەتەکانیان لە دەورووبەری ئەو گوندەدا دۆزییەوە.

ژ.ت