لەگەڵ هاتنی وەزیری شەڕی تورک بۆ عێراق چەتەکانی تورکیا نمایشی سەربازی فاشیستییان ئەنجامدا

ماوەی دوو ڕۆژە خولوسی ئاکار وەزیری شەڕی دەوڵەتی تورک لە عێراقە و هەر لەگەڵ گەیشتنی ئەو وەزیرە، چەتەکانی تورکیا لە کەرکوک دەستیان بە جموجۆڵ كردووە و نمایشی سەربازی دەکەن.

دوێنی هەریەک لە خولوسی ئاکار وەزیری شەڕی دەوڵەتی تورک و یاشار گولەر سەرۆک ئەرکانی سوپای تورک بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە عێراق، ئەوە لە کاتێکدایە وابڕیار بوو خولوسی ئاکار لە ١٣ ئابی ساڵی ٢٠٢٠ سەردانی عێراق بکات، بەڵام بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ عێراق و گیان لە دەستدانی دوو ئەفسەری پلە باڵای یەکەی پاسەوانی سنوور، عێراق سەردانەکەی خولوسی ئاکاری هەڵەوشاندەوە و ئامادە نەبوو پێشوازیی لێبکات.

ئەوەی جێگای سەرنجە دوێنی و ئەمڕۆ لە کاتی هاتنی خولوسی ئاکار وەزیری شەڕی دەوڵەتی تورک بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، چەتەکانی تورکیا ئەوانەی کە پێشتر لەلایەن دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی تورک (میت)ەوە لە تورکیا پەروەردە کراوان لە کەرکووک و جێگیرکراوان، دەستیان بە جمووجۆڵی سەربازی کردووە و بە سەر پەرشتی ئەرشد ساڵی سەرۆکی بەرەی تورکمانی هێزەکانی خۆیان نمایش دەکەن، کە شێوازێکە لە مانۆڕی سەربازی دەکەن.

هاوکات لەگەڵ ئەو خۆنمایشکردنە سەربازییەى گروپە چەتەکانی سەر بە میتی تورکیا لە کەرکوک، ئەو گروپانە لە نمایشەکەیاندا هێمای گورگە بۆرەکانیان بەکارهێنا و دەستیان لە شێوەی هێمای گورگە بۆرەکان بەرزکردووە، کە هێمای تورکە فاشیستە نەژادپەرەستەکانە. گورگە بۆرەکان بەهۆی تاوانکارییەکانیانەوە و بەهۆی بڵاوکردنەوەى رق و چاندنی تۆوی دووبەرەکی دوای چەندین ساڵ لەکارکردن لە ئەڵمانیا و فەرەنسا قەدەغە کران، بەڵام تاوەکو ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان یاسایەک بۆ قەدەغەکردنیان دەرنەکراوە.

چەتەکانی تورکیا، کە پێشتر بەشێکی زۆریان لە تورکیا پەروردەی سەربازی و فکری توندڕەوییان بینیوە، لە ئێستادا لە هەریەک لە ناحیەی تازەو و قەزای داقوق لە باشووری پارێزگای کەرکوک و قەزای تەلعفەر لە پارێزگای نەینەوا بوونیان هەیە و هێزەکانیان بڵاوە پێکردوە.  پێیانوایە هەر یەك لە پارێزگاکانی موسڵ و کەرکوک بەشێکە لە خاکی تورکیا و کار بۆ ئەوە دەکەن لە ڕووی سەربازییەوە ئەو شارانە بخەنەوە  ژێر دەسەڵاتی خۆیان.

جموو جۆڵی چەتەکانی تورکیا لە کەرکوک لە کاتێکدایە، کە لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەری سالێ ٢٠١٧ وە سوپای عێراق ڕێگا بە هیچ هێزێکی کوردی نادات بچێتە ئەو شارە، ئەویش بە پاساوی جێبەجێکردنی یاسای هەموو هێزە کوردییەکانی لەو شارە دوور خستووەتەوە، بەڵام  چەتەکانی تورکیا سەربەستانە مانۆڕی سەربازی دەکەن و نیشانەی فاشیستانەی تورکە ڕەگەزپەرستەکان بە دەستەکانیان بەرز دەکەنەوە.

ئەو خۆنمایشکردنە سەربازیی فاشیستییەى گروپە میلیشیاییەکانی دەوڵەتى تورک لە عێراق، لە کاتێکدایە، خولوسی ئاکار وەزیری شەڕی دەوڵەتی تورک سەردانی بەغدا و هەولێری کردووە و لەگەڵ بەرپرسیانی باڵای عێراق و هەرێم کۆبووەتەوە.

بەپێی زانیاریی میدیاکانی عێراق و هەرێم، تەوەری سەرەکیی سەردانەکەى خولوسی ئاکار بۆ عێراق و هەرێم بۆ ئەوەیە، رێککەوتنی تازە لەگەڵ ئەو دوو حکومەتەدا بۆ شەڕ لە دژی بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان بە پێشەنگایەتیی پەکەکە واژۆ بکات و لەو چوارچێوەیەشدا دەیانەوێت جارێکیتر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، شەنگال و مەخمور بکەنە ئامانج و دژایەتی دەستکەوتەکانی رۆژئاواش بکەن.

ژ.ت