ئەوانەی هەفتانە ٨ هەزار هەنگاو بەپێ دەڕۆن تەمەنیان درێژتر دەبێت

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەک ئەو کەسانەی هەفتانە یەک یان دوو جار هەشت هەزار هەنگاو بەپێیان دەڕۆن تەمەنیان درێژترە و مەترسی مردنیان دوادەکەوێت.

پێشتر دەزاندرا کە جموجۆڵی جەستەیی رێکوپێک و بەردەوام مەترسی مردنی پێشوەختە کەمدەکاتەوە، بەڵام لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە گۆڤاری ژاما نێتوۆرک ئۆپن بڵاویکردووەتەوە ئاماژە بە سوودەکانی پیاسە و بە پێ رۆیشتن کراوە.

لێکۆلەرەوانی زانکۆی کیۆتۆ و زانکۆی کالیفۆڕنیا وردبینییان بۆ دۆسیەی پزیسکی سێ هەزار و ١٠١ کەسی بەتەمەنی ئەمریکی کردووە.

لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەتووە ئەو کەسانەی هەفتانە جارێک یان دوو جار هەشت هەزار هەنگاو بە پێیان دەڕۆن بە بەراورد لەگەڵ ئەو کەسانەی بە بەردەوامی ناجوڵێن بە رێژەی ١٤.٩٪ مەترسی مردنیان کەمترە.

ئەەشخراوەتەڕوو کە ئەو کەسانەشی کە هەفتانە سێ یان ٧ جار بە شێوەی بەردەوام و رێکوپێک بەپێ دەڕۆن مەترسی مردنیان بەراورد بەوانەی پیادەڕەوییان نییە، بە رێژەی ١٦.٥٪ کەمترە.

ئەوەشخراوەتەڕوو کە سودی پیادەڕەوی بۆ کەسانی سەرووی ٦٥ ساڵ زیاترە.

ئاماژە بەوەشکراوە کە جموجۆڵی جەستەیی بەردەوام و رێکوپێک مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە، زیادبوونی کێش، پەستانی خوێن و خەمۆکیش کەمتر دەکاتەوە.

هـ . ب