ئاماری ٢٤ی کاتژمێری رابردوو لە ئیتالیا: ٣٦٨ کەس گیانیان لەدەستدا

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئیتالیا بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ٣٦٨ کەس گیانیان لەدەستدا.

کۆمەڵەی پاراستنی هاوڵاتییان لە ئیتالیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٣٦٨ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ١٨٠٩ کەس.

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٣٥٠٩ حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتالیا تۆمار کران و بە گشتی ژمارەی تووشبووان لەو وڵاتە گەیشتە ٢٥ هەزار کەس. تەنها لە هەرێمی میلان ١٣٧٢٢ حاڵەت تۆمار کراون.

لە لایەکی دیکەوە لە بەریتانیاش ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە ١٣٧٢ کەس و بە گشتی ٣٥ کەسیش لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.

لە سەرتاسەری جیهان ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، ٦ هەزار کەسی تێپەڕاند. وڵاتی چین لە پلەی یەکەمدایە بۆ گیانلەدەستدان بە هۆی ئەو ڤایرۆسەوە، دواتر هەر یەک لە ئیتاڵیا، ئێران و ئیسپانیا دێن.

ز.ش