ئاڵۆزییەکانی کەنداو زۆر ببن ئەمریکا لە ئێران دەدا؟

ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دوای هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیا دیسان زیاتر بوونەوە. عەلی خامەنەیی ڕێبەری ئاینی ئێران ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک دانووستان لەگەڵ ئەمریکا ناکرێت.

لە ئایاری ٢٠١٨دا ئەمریکا یەک لایەنە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا نێوانی لەگەڵ ئێران ئاڵۆزە. هەردوو لایەن هەم پەیامی شەڕ و هەم پەیامی ئاشتیش دەدەن.

خامەنەیی: لەگەڵ ئەمریکا هیچ دیدارێک ناکرێت

عەلی خامەنەیی لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی لێدوانێکی بڵاو کردەوە و وتی: "هیچ دیدارێک لە هیچ ئاستێکدا لەگەڵ ئەمریکا ناکرێت".

سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ پەیامی ئەوەی بڵاو کردەوە کە لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا لە میانەی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران کۆ دەبێتەوە.

دوای هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیا، خامەنەیی لێدوانی دا. حوسییەکانی یەمەن ئەو چالاکییەیان ئەنجام دابوو و دوای ئەو چالاکییە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیا دابەزیوە بۆ نیوە.

ئەمریکا ئامادەیە وەڵام بداتەوە!

ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران بەرپرسی ئەو هێرشەیە، بەڵام ئێرانیش وتی "ئەوە بانگەشەیەکی پووچە". ترامپ لەسەر تویتەر ڕایگەیاندبوو "ئەمریکا لەڕووی سەربازییەوە زۆر بەهێزە و ئەگەر پێویست بکات، ئامادەیە بۆ شەڕ".

ترامپ لە لێدوانێکی دیکەشدا وتی: "دەتوانم بڵێم هێرشێکی زۆر گەورەیە و وڵاتەکەمان بە ئاسانی دەتوانێت بە هێرشێکی گەورەتر وەڵام بداتەوە".

ترامپ ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان کۆ ببوەوە و لەسەر پرسی دەستێوەردانی سەربازی وتبووی: "نامەوێت شەڕ لەگەڵ هیچ کەسێکدا بکەم، بەڵام سوپاکەمان زۆر بەهێزە. باشترین فڕۆکەی جەنگی و مووشەکی شەڕمان هەیە".

رۆحانی: چالاکی یەمەنییەکان پاراستنی ڕەوایە

سەرۆک کۆماری ئێران حەسەن ڕۆحانی-یش دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ تورکیا ڕایگەیاندبوو، چالاکی دژی سعودیە، چالاکی ڕەوای یەمەنییەکانە و وتی: "گەلی یەمەن ناچاربووە وەڵام بداتەوە. جگە لە خۆپاراستن شتێکی دیکە ناکەن".

سعودیا ڕۆژی دووشەممە لێدوانی دا و ڕایگەیاند، ئەو چەکانەی لە هێرشەکەدا بەکارهاتوون ئێرانین.

لە کەنداو ئاڵۆزی زۆر دەبێت

لە ١٦ی ئەیلول/٢٥ی خەرمانان، پارێزەرانی شۆڕشی ئێران بە بیانووی ئەوەی سووتەمەنی بە قاچاخ بار دەکات، دەستیان بەسەر تانکەرێکی نەوتی ئیمارەتی عەرەبیدا گرتبوو.

ئاڵۆزی کەنداو لە مانگی ئایارەوە بەملاوە زۆرتر بووە. هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکان. پارێزەرانی شۆڕشی ئێران لە ١٤ و ١٩ی تەممووز/٢٣ و ٢٨ی پووشپەر دەستیان بەسەر دوو کەشتیدا گرتبوو.

لە ٣١ تەممووز/٩ی گەلاوێژدا تاران دەستی بەسەر کەشتییەکدا گرتبوو. لە دەستبەسەرداگرتنەکەدا ڕاگەیاندرابوو کەشتییەکە ٧٠٠ هەزار لیتر سووتەمەنی بارکردووە و ئەو سووتەمەنییە بە قاچاغ بار کراوە.

ژ.ت