ئۆلوچ: بە دڵنیاییەوە ئێمە سەردەکەوین

ساروخان ئۆلوچ سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە رایگەیاند، دەسەڵات بەهۆی نادادییەکانیەوە رۆژێک دێت دادگایی بکرێت و راشیگەیاند "بە دڵنیاییەوە رۆژێک دێت ئێمە داواکانمان بەدی بهێنین".

ساروخان ئۆلوچ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لەبارەی ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیی دوێنێی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەدەپە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، دەیانەوێت بە دەستگیرکردن و زیندانیکردن هەدەپە پاکتاو بکەن. راشیگەیاند، ئۆپراسیۆنەکە بەشێک لە پلانی چۆک پێدادانە، بەڵام ئاکەپە – مەهەپە لە ناوخۆ و لە دەرەوەش سەرکەوتوو نەبوون و گەیشتوونەتە کۆتایی رێگاکە.

ئۆلوچ لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، "ئەو ئۆپراسیۆنە بەردەوامیی پلانی چۆک  پێدادانی ٢٠١٤یە، کە دەوڵەتی تورک لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوەیدا بڕیاری لێداوە. دەیانەوێت هەدەپە لەگەڵ هەموو هاوپەیمان و پێکهاتەکانیدا لە گۆڕەپانی سیاسەتی دیموکراتیک دا پاکتاو بکەن".

 ئۆلوچ وتیشی، خاڵی کۆتایی ئەو قۆناغە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بە زیندانیکردنی هاوسەرۆکەکەیان  و پەرلەمانتارانی تر دەستیپێکردبوو.  لێکۆڵینەوە لە روداوەکانی ٦-٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ کە دەستیپێکردووە تاوەکو ئێستا دەوڵەت هیچ هەنگاوێکی بۆ هەڵنەگرتبوو. سەرباری بەرخودان لە دژی هەموو هەوڵە پاکتاوکارییەکانیان و ئۆپراسیۆنەکانیان دیسانەوە هەوڵ دەدەن بڵێن 'ئاخۆ ئێمە دەتوانین پلانی چۆک پێدادان سەربخەین'.

بە کۆتایی رێگاکە گەیشتوون

ئۆلوچ ئاماژەی بە تێکشکاندنی ئاکەپە – مەهەپە لە دەریای سپی، ئەگە و لیبیا کرد و وتی، ئیدی کۆمەڵگە زۆر گوێ لەو شتانە ناگرێت، کە ئاکەپە – مەهەپە لە عەفرین، ئیدلب، یان باکووری رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامیان دا. وتیشی، "لە سیاسەتی دەرەوەدا تووشی قەیران و ئاڵۆزی بوون و ئەوەى لە دەستیاندا مایەوە ئەوەبوو هێرش بکەنە سەر هەدەپە، دوژمنایەتیی کوردان بکەن، دوژمنایەتیی هێزە دیموکراتیکەکان و هەدەپە بکەن. تاقیی دەکەنەوە و دەڵێن، ئاخۆ ئەوە قازانجی دەبێت بۆیان یان نا".

ئۆلوچ هەروەها قەیرانی ئابووریی تورکیای بە بیرخستەوە و وتی، "دەیانەوێت ئەو دۆخەش بە رق و نفرەت بەرامبەر بە هەدەپە و زۆرکردنی وشە رقاوی و نفرەتاوییەکان لە ناو کۆمەڵگەدا و لە سۆنگەی مافی دوژمنایەتییەوە دەڵێن، ئێمە دەتوانین ئەنجامی بدەین، بەڵام لەوەشدا گەیشتونەتە کۆتایی رێگاکە و بە دڵنیاییەوە ئەوەش دەبینین".

بە دڵنیاییەوە دادگایی دەکرێن

ئۆلوچ باسی ئەوەیکرد، بەپێی راپرسییەکان ئاکەپە – مەهەپە زۆر لاواز بوون و لەبارەى هەوڵی هێزە دیمەکراسییەکان، ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵگە و سیاسییەوە وتی، "لە بەرامبەر ئەو ئۆپراسیۆنە پاکتاوکارییەى ئەمدواییەدا، هەڵوێستێکی توندیان نیشان دا. هەم لە ناو حیزبە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیدا و هەمیش لە ناو هاووڵاتییاندا هەڵوێستێکی جدی خرایەڕوو. ئیدی کەس ئەوە قبوڵ ناکات کە کورد و هەدەپە بکەن بە دوژمن، پەنا بۆ وشە رەقاوی و نفرەتلێکردن ببەن. کاتێکیش ئەوەیان لە دەست بچێت، ئیدی هیچیان بۆ نامێنێتەوە.

بەو زوڵم و ناهەقییەى ئەوان، ئێمە ئەوان تەنها و تەریک دەخەین، بە دڵنیاییەوە ئێمە داواکانی خۆمان بەدیدەهێنین و ئێمە سەردەکەوین. ئەوانیش تووشی شکستێکی گەورە دەبنەوە. بەهۆی پێشێلکردنی مافەکان، داد، هەق و ئازدییەکان بە دڵنیاییەوە لە چوارچێوەی بنەماکانی دیموکراسیدا دادگایی دەکرێن. ئێمەش لەو پێناوەدا تێدەکۆشین".

ژ.ت