ئەمریکا:ئارام گرتنمان بە لاوازی تێمەگەن

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە ئیسرائیلە و لەوێیەوە ڕوو لە ئێران دەڵێت: با ئێران ئارام گرتن و دان بەخۆداگرتنی ئێمە بە لاوازی وڵاتەکەمان تێنەگات.

ئەمڕۆ جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی هاوبەشی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەڕێوەبرد.

جۆن بۆڵتۆن ڕایگەیاند: ئێران دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی دەستدرێژی و تیرۆریزم لە ناوچەکە بە تایبەت لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن کردووە.

لە بەردەوامی قسەکانی جۆن بۆڵتۆن وەک هەڕەشەیەک ڕوو لە حکومەتی ئێران، وتی:"با ئێران ئارام گرتن و دان بەخۆداگرتنی ئێمە بە لاوازی وڵاتەکەمان تێنەگات".

شەوی ڕابردووش دۆناڵد ترامپ لەسەر تویتەرەکەی خۆی نووسیبووی:"هێرش بۆسەر ئێرانم لانەبردووە، تەنیا دوام خستووە".

هەر لەو چوارچێوەیەدا مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دوێنێ ڕایگەیاندووە: "تا ئەو کاتەی حکومەتی ئێران توندوتیژی بەلاوە نەنێت و ڕێگەی دپلۆماتی نەگرێتە بەر، فشارەکانی ئێمە بەردەوام دەبێت".

لەسەر سەفەرەکەی جۆن بۆڵتۆن ڕاگەیەندراوە کە؛ بڕیارە نوێنەرانی ئەنجومەنەکانی باڵای ئاسایشی ئیسرائیل، ڕوسیا و ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە لە ئیسرائیل کۆببنەوە، بەڵام ڕوون نەبووەتەوە کە تەوەری ئەو کۆبوونەوەیە چییە.