ئەمریکا بە فەرمیی تورکیای لە پرۆژەی ئێف-٣٥ خستە دەرەوە

کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەوڵەتی تورکی لە پرۆژەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی فڕۆکەی جەنگی ئێف-٣٥ خستووەتە دەرەوە و تورکیای لە بەدەستهێنانی ئەو فڕۆکانە بێبەش کردووە.

کۆشکی سپی لەڕاگەیندراوێکی فەرمیی ئاشکرای کرد، کە ئەمریکا لەسەر کڕینی سیستمی مووشەکی ئێس-٤٠٠ دەوڵەتی تورکی لە بەرنامەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی ئێف-٣٥ خستووەتە دەرەوە و چیتر مەحاڵە بەشداریی لەو بەرنامەیە بکات، تورکیاش بە توندیی وەڵامی ئەمریکای دایەوە.

بە باوەڕی کۆشکی سپی، تورکیا بە کڕینی سیستمی ئێس-٤٠٠، بەڵێنەکانی لە هاوپەیمانێتی ناتۆ لەسەر دەستپارێزیی لە کڕینی سیستمە ڕوسییەکان پێشل کردووە.

کۆشکی سپی لەکاتێکدا دەوڵەتی تورکی لە کڕینی فڕۆکەکانی ئێف-٣٥ بێبەش کردووە، کە پێشتر بڕیاری دابوو فڕۆکەوانان و تەکنیککارانی تورک کە لە ئەمریکا خەریکی پەروەردەن تا کۆتایی ئەم مانگە خاکی ئەمریکا جێبهێڵن.

هاوپەیمانێتی ناتۆ-ش پێشتر لەسەر کڕینی ئەو سیستمە نیگەرانی خۆی دەربڕیبوو، هەروەها چەندین جار هۆشداریی دابووە دەوڵەتی تورک و ڕایگەیاندبوو کە سیستمە ڕوسیەکان لەگەڵ سیستمی بەرگریی ئاسمانی ڕۆژئاوا نەگونجاوە.

لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر ئەو بڕیارەی کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند:"داوا لە ئەمریکا دەکەین لەو هەڵەیەی پاشگەزبێتەوە کە زیانێکی بێ قەرەبوو لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا و تورکیا دەدات و دەبێتە هۆی برینێک کە بەهیچ شێوەیەک ساڕیژ ناکرێت".

لە پرۆژەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی ئێف-٣٥ی ئەمریکا هەریەکە لە وڵاتانی؛ بەریتانیا، ئیتالیا، کەنەدا و ئەوسترالیاش بەشدارن و پشێتر تورکیاش بەشداربووە.