برێکزیت روویدا؛ ئەنجامەکانى چی دەبن؟

حکومەتى بەریتانیا و بەشێک لە گەلی ئەو وڵاتە چوونەدەرەوەیان لە یەکێتیى ئەوروپا پیرۆز کرد. پرۆسەى جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتیى ئەوروپا ماوەى ساڵێک دەخایەنێت و تێچووەکەشی ٢٠٠ ملیار پاوەن دەبێت بۆ بەریتانیا.

بەریتانیاى گەورە پێکهاتووە لە ئینگلتەرە، سکۆتلاند، ئیرلەندای باکوور و وێڵز و دوێنێ شەو لە یەکێتیى ئەوروپا جیابوونەوە. بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا بە بۆنەى چوونەدەرەوەى بەریتانیا لە یەکێتیى ئەوروپا (برێکزیت) لێدوانێکى دا.

جۆنسۆن رایگەیاند، ئەرکەکەى ئەوەیە گەل یەکبخات و وڵات بەرەو پێش ببات. بۆ ئەوەش کۆنترۆڵی کۆچ بۆ بەریتانیا دەکەن و رێگریى سەر کەرتى ماسیگری هەڵدەگرن و لەگەڵ وڵاتانى تری ئەوروپیدا رێککەوتننامەى بارزگارنیی ئازاد مۆر دەکەن.

هاوکات ئاڵاى بەریتانیا لە دام و دەزگاکانى یەکێتیى ئەوروپا لابران و ئەرکی ٧٣ پەرلەمانتاری بەریتانی لە پەرلەمانی ئەوروپا پوچەڵکرایەوە.

ئۆرسولا ڤۆن دێر لەین سەرۆکی ئەنجوومەنى ئەوروپا لەوبارەیەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بۆ ئەوەى پەیوەندیى بەهێز و گەورە و سەرکەوتوانە لەگەڵ بەریتانیاى گەورەدا هەبێت چێیان لە دەست بێت ئەنجامی دەدەن.

پرۆسەى برێکزیت تاوەکو ساڵێک بەردەوامیى دەبێت. لەو ماوەیەدا ئەو پەرلەمانتارانەى بەریتانیا کۆتایى بە ئەرکەکانیان لە پەرلەمانى ئەوروپادا هاتووە ناتوانن بەشداری لە دەنگدانەکانی پەرلەمانى ئەوروپادا بکەن و بەو حاڵەشەوە بەریتانیا تاوەکو ٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٠ لە یەکێتی ئەوروپادا دەمێنێتەوە.

چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو کۆتایى ئەمساڵ و کۆتایهاتن بە پرۆسەى جیابوونەوەى بەریتانیا لە یەکێتیى ئەوروپا (برێکزیت) کۆی تێچووەکانى ئەو پرۆسەیە بگاتە ٢٠٠ ملیار پاوەنی بەریتانی. هەروەها بە هۆی برێکزیتەوە چاوەڕێ دەکرێت ٥٠٠ بۆ ٨٠٠ هەزار کەس بێکار ببن.

ژ.ت