بەریتانیا  بەفەرمی لە یەکێتی ئەوروپا چووەدەرەوە

پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بەزۆرینەی دەنگ ڕێککەوتنامەی بریکزت-ی پەسەند کرد کە تایبەتە بە چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا.

ئێوارەی ئەمڕۆ پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە ڕێککەوتنامەی بریکزت کۆبووەوە.

لە دانیشتنەکەدا ٦٣١ ئەندام پەرلەمان دەنگیان بە بەڵێ دا، لە بەرامبەردا ٤٩ ئەندام پەرلەمان دژی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەنگیان دا.

گای ڤێرهۆفشتات ڕێکخەری پرۆسەی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا سوپاسی بەریتانیەکانی کرد "لەپێناو ئازادکردنی ولاتانی ئەوروپا دا کە خوێنیان ڕشتووە".
هەروەها دەیڤد ساسۆلی سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا ڕایگەیاند: بەریتانیا یەکێتیەکە جێدەهێڵێت بەڵام هەر وەکو بەشێک لە ئەوروپا دەمێنێتەوە.

بەریتانیا ماوەی ٤٠ساڵە ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە، ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ ڕێککەوتنی بریکزت-ی پەسەند کرد بۆ چوونەدەرەوەی وڵاتەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا.