بەهرۆز بۆچانی ئازادە

ڕۆژنامەنووس بەهرۆز بۆچانی کە شەش ساڵ لە کەمپی مانووسی ئوستراڵیا دەژیا و لە ڕێگەی مۆبایلەکەیەوە کتێبێکی نووسی و خەڵاتی وەرگرتبوو، ئازاد کرا.

بەهرۆز بۆچانی تەمەن ٣٥ ساڵ ٦ ساڵ بوو سەرچاوەیەکی گرنگی ناو کەمپی مانووس بوو و وەک وتەبێژی پەنابەر و کۆچبەران کاری دەکرد.

ڕۆژی پێنجشەممە کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان پاسپۆرتێکی بۆ دروست کرد و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش ڤیزەی پێشکێش کرد و لە کەمپەکە چووە دەرەوە و گەیشتە نیوزلەندا.

بەهرۆز کتێبەکەی بە ناوی 'جگە لە چیاکان هیچ دۆستێکی کورد نییە' لە سەر تەلەفۆنەکەی نووسیبوو و لە ڕێگەی واتسئاپەوە بۆ وەرگێڕێکی هاوڕێی ناردبوو. کتێبەکەی خەڵاتی وێژەیی ڤیکتۆریای وەرگرت.

بۆچانی لە کتێبەکەیدا باس لە بەسەرهاتی خۆی لە کاتی کۆچبەری بەرەو ئۆستراڵیا دەکات. لە کتێبەکەدا باس لە گرتنی خۆی، ئەزموون، مرن و خۆکوشتنی پەنابەرانی کەمپەکە دەکات.

بۆچانی لە نیوزلەندا بۆ ڕۆژنامەنووسان قسەیکرد و ڕایگەیاند، "لەبەرئەوەی لەژیانداماوم، بەختەوەرم. بۆ ئەوەی باش بزانم کە ئازادم، پێویستیم بە کات هەیە. ئەمریکاش داوای مافی پەنابەریی منی قبوڵکردووە."

ف.ق