ترەمپ: ئەگەر ئێران بیەوێت شەڕ بکات، کۆتایی پێ دێت

دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمه‌ریکا جارێكی دیكه‌ هەڕەشەی لە ئێران کرد و ڕایگه‌یاند، ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمه‌ریکا کۆتایی پێ دێت.

ترەمپ لە ڕێی تویتەرەوە تویتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگه‌یاند، ئەگەر ئێران بیه‌وێت شەڕ بکات، ئەوا ئه‌و شه‌ڕێ کۆتایی به‌ ئێران دێنێت.  تره‌مپ هۆشداری به‌ ئێران دا كه‌ هه‌رگیز ھەڕەشە لە ئەمه‌ریکا نەكات.

پێشتر حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندبوو، ئێران شەڕی ناوێت، بەڵام لە شەڕیش ناترسێت، بە گوێره‌ی تاران، ئەمه‌ریکا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی نییه‌ کە بتوانێت لە کەنداو شەڕ بکات.

ئەمه‌ریکا ماوه‌ی ساڵێکە فشارەکانی له‌سەر ئێران قورستر دەکات. دوای ئەوەی مانگی ئایاری ٢٠١٨ بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە پەیمانی ئەتۆمی کشایه‌وه‌، دەستی بە جێبەجێکردنی سزای ئابووری کرد. ئه‌گه‌ری ڕوودانی شەڕ له‌ زیادبووندایه‌، بەڵام سەرۆکی ئەمه‌ریکا لە کۆبوونەوەیەکی کۆشکی سپی گوتبووی، خوازیاری شەڕی چەکداری نین لەگەڵ ئێران.

لەگەڵ ئەوەشدا ئاڵۆزییەکان هه‌میشه‌ گەورەتر ده‌كرێن. بەم دواییانەش ئەمه‌ریکا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئێران ئامادەکاری بۆ هێرشێک ده‌كات له‌ هه‌رێمه‌كه‌ دژبه‌ هێزەکانی ئەمه‌ریکا. هێزەکانیشی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ خسته‌ ئاماده‌باشی. پنتاگۆن-یش ژمارەی هێزەکانی خۆی لە کەنداو زیاتر کرد و کەشتییەکی گەورەی فڕۆکە جەنگییەکان و ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی ڕه‌وانه‌ی کەنداو کرد.

s.m