جگە لە مادرید و بارسلۆنا قەدەغەى هاتوچۆ لە هەموو شارەکانی تری ئیسپانیا هەڵدەگیرێت

ئیسپانیا کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانی زۆری بەرکەوتووە، لە ئیستا بە دواوە قەدەغەى هاتۆ خاو دەکاتەوە و ئەو خاوکردنەوەیە تەنها مادرید و بارسلۆنا ناگرێتەوە.

بەپێی دوایین ئامارەکان لە ئیسپانیا ٢٧ هەزار و ٥٠٠ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە و ئیسپانیا یەکێک لەو وڵاتانەى ئەوروپایە، کە کۆرۆنا زیانی زۆری پێگەیاندووە. ماوەى ٢ مانگە لە ئیسپانیادا قەدەغەى چوونە دەرەوە لە ماڵەوە کاری پێدەکرێت، بەڵام لە دووشەممەى داهاتووە ئەو قەدەغەکارییە کەم دەکرێتەوە.

ئاماژە بەوەکراوە، قەدەغەکارییەکە هەنگاو بە هەنگا تاوەکو کۆتایی حوزەیران بەردەوام دەبێت. لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە باکووری ئیسپانیا قەدەغەکارییەکە لابرا و  لە هەنگاوی داهاتوشدا قەدەغەکارییەکە لە ڤالینس، گرانادا، مالاگا و تۆلیدۆ خاو دەکرێتەوە. لەو ناوچانەدا رێگا بە کردنەوەى کۆفێ، ریستوانت و باڕەکان دەدرێت و قەدەغەى هاتوچۆی نێوان خێزانەکانیش نامێنێت.

ئەو ناوچانەى کە قەدەغەی هاتوچۆیان تیادا هەڵدەگیرێت سەدا ٧٠ی دانیشتوانی وڵاتی ئیسپانیایان تیادا دەژی. کۆی دانیشتوانی وڵاتی ئیسپانیا ٤٦ ملیۆن کەسە.

بەڵام لە مادریدی پایتەختى ئیسپانیا و دەورووبەری و هەروەها لە شاری بارسلۆنای پایتەختی هەرێمی کاتالۆنیا، کە پەتای کۆرۆنا کاریگەریی زۆر قورسی لەسەر دانابوون، قەدەغەکارییەکە بەردەوامیی دەبێت.

ژ.ت