دوایین بارودۆخی خۆپێشاندانە جەماوەرییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان

لەگەڵ راگەیاندنی باری نائاسایی لە مەریوان خۆپێشاندان بەردەوامەو لە سنە باری تەندروستی ٦ بریندار ناجێگیرەو لە سەقز چەندین خۆپێشاندەر دەستگیر کراون، ئەمە جگە لە کوژرانی هاوڵاتییەکی کورد لە تاران و بچڕانی هێڵی تەلەفۆن لە بەندیخانەکانی کرمانشان و سنەو ورمێ.

 بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن و لە زۆربەی شارەکان باری نائاسایی راگەیێنراوەو هێرشی هێزە ئەمنییەکانی رژێم کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە و ژمارەیەک هاوڵاتیش دەستگیرکراون.

مەریوان؛ سەرەڕای ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی خۆپیشاندانەکان لەم شارە بەردەوامن

سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە مەریوان باس لە بەردەوامبوونی خۆپیشاندانە لەو شارە دەکەن. وتەی یەک لەو سەرچاوانە، کاروانێکی ئۆتۆمبیلەکانی هێزە ئەمنییەکان لە ڕۆژی ڕابردووەوە دەستیان کردووە بە گەڕان بە ناو شاردا و دۆخی نائاساییان ڕاگەیاندووە.

 ئەو هێزانە ڕایانگەیاندووە کە گردبوونەوەی زیاتر لە دوو کەس قەدەغەیە و هەڕەشەیان کردووە کە هەموو جۆرە کردارێکی خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی سەختترین بەرپەرچەکان دەبێتەوە.

سەرچاوەکی دیکەش رایگەیاند: لە ئێستادا ١٨ هاوڵاتیی بریندار لە نەخۆشخانەکانی “بوعەلی سینا” و “فەجر”ی مەریوان لە ژێڕ چاودێریی هێزە ئەمنییەکاندا بەسەردەبەن. ئەو هێزانە هەموو جۆرە هاتووچۆیەک بۆ ئەو نەخۆشخانانەیان خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە و بنەماڵەی بریندارەکان بۆیان نییە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ڕۆڵەکانیانەوە وەربگرن.

سنە؛ دۆخی تەندروستیی ٦ بریندرای خۆپیشاندانەکانی ئەم شارە ناجێگیرە

سەرچاوەکانیی هەواڵ باس لە ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی ٦ برینداری خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی سنە دەکەن. دەوترێت ئەو هاوڵاتیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە ئامانج گیراون و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی “بعثت”ی ئەو شارە لە ژێر چاودێری ئەو هێزانەدان.

بە وتەی ئەو سەرچاوانە، هاوڵاتییەکی هەرزەکاریش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان و گولەیەک بەر سەری کەوتووە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستداوە. تەرمی ئەو هاوڵاتییە تا ئێستا لە ساردخانەی نەخۆشخانەکەدا ماوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان ڕێگەنادەن ڕادەستی بنەماڵەکەی بکرێت.

مەریوان؛ تەرمی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرایەوە و دۆخی تەندروستیی بریندارەکان ناجێگیرە

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە مەریوانەوە رایگەیاندووە کە نیوەشەوی ڕابردوو تەرمی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕادەستی بنەماڵەکان کرایەوە. هێزە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لەو بنەماڵانە کردووە کە پێویستە بە زووترین کات و بەنهێنی تەرمەکان بەخاک بسپێرن. هەروەها دووان لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە بۆ سنە و یەکێکی دیکەش بۆ کرماشان بەڕێکراون. دۆخی تەندروستی ئەو بریندارانە ناجێگیرە و ئەگەری گیان لەدەست دانیان زۆرە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، دووکاندارەکانی مەریوان ئەمڕۆش دووکان و بازاڕیان نەکردووەتەوە، هەروەها هەموو خوێندنگاکان وەک ژمارەیەکی زۆر لە شارەکانی دیکەی ئێران داخرابوون.

دەیان خۆپیشاندەر لە سەقز دەستبەسەرکراون

بەگوێرە زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ کە لە سەقزەوە بە دەستی گەیشتوون، ڕۆژی شەممەی رابردوو واتە ١٧ی ئەم مانگە لە میانەی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکان لەو شارەدا دەیان هاوڵاتی دەستبەسەرکراون.

دەوترێت کە تەمەنی زۆربەی ئەو هاوڵاتییانە ژێر ١٨ ساڵە و لەو ڕووەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (کانون اصلاح و تربیت)ی سنە، شوێنی بەندکردنی بەندکراوە هەرزەکارەکان، گوازراونەتەوە. هەروەها سەرەڕای دیاریکردنی بارمتە لەلایەن دادگاوە بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک لەو کەسانە کە لە بەندیخانەی سەقزدا دەستبەسەرن و دابینکردنی بارمتە لەلایەن بنەماڵەکانەوە، دادگا ڕێگری دەکات لە ئازادکردنیان.

سەبارەت بە دوایین ڕەوشی سەقزیش باس لەوە دەکرێت لە ئێستادا دۆخی شار ئارامە، هێزە ئەمنییەکان لە شوێنە جیاوازەکانی شاردا بڵاوبوونەتەوە و لە دوای ئێوارەوە ژمارەیان زیاتردەبێت.

کوژرانی هاوڵاتییەکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە شاری سەقزەوە ئەوەی راگەیاندووە کە “مینا شەیخی”، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری سەقز کە لە چەند ساڵ پێش ئێستاوە لە تاران نیشتەجێ بووە، ڕۆژی شەممە لەکاتێدا لە سەربانی ماڵێک لە تاران بووە کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزە ئەمنییەکان و کوژراوە. دەوترێت کە تەرمی ئەو هاوڵاتییە کوردە ڕۆژی ڕابردوو ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەو لە شاری سەقز بەخاک سپێڕدراوە

بچڕانی هێڵی پەیوەندیی تەلەفۆنی لە بەندیخانەکانی کرماشان، سنە و ورمێ

پاش دەستپێکردنی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران، لە ڕۆژی یەکشەممەوە هێڵی پەیوەندیی تەلەفۆنیی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی کرماشان، سنە و ورمێ لەسەر فەرمانی بەرپرسانی ئەمنی بچڕاوە.

ز.ش