دۆسیەى کیمیابارانکردنى ھەڵەبجە و هۆکارەکەى و تاوانبارەکانی

کیمیارانکردن و گازبارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمى بەعسى عێراقەوە یەکێک لە تاوانەکانى دژ بە مرۆڤایەتییە. لە گازبارانکردن و کیمیابارانکردنى هەڵەبجەدا نزیکەى ٢٠ هەزار هاووڵاتیى هەڵەبجە و دەورووبەرى بوونە قوربانی، کە بەلانیکەمەوە ٥ هەزار کەسیان شەهیدبوون.

نزیک نیوەڕۆی رۆژی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ / ٢٦ى ڕەشەمەی ٢٧٨٨ى کوردی، فڕۆکە جەنگییەکانى ڕژێمى بەعسى عێراق شاری هەڵەبجەیان بە نزیکەى ٢٠٠ تۆن بۆمب و گازى کیمیایى بۆردومانکرد. بەوەش تاوانێکى دژ بە مرۆڤایەتى و جینۆسایدکردنى نەتەوەی کوردیان ئەنجامدا.

لەو بۆردومانەدا بەلانیکەمەوە ٥ هەزار هاووڵاتى لە ماوەیەکى کەمدا لە ناو ماڵەکانى خۆیاندا، لەسەر شەقامەکان، لەسەر سفرە و لە کاتى نانخواردندا، لە دەشت و دەر و سەر کانیاوەکان و لە کەنارى چەم و ڕووبارەکاندا شەهیدبوون. زیاتر لە ١٠ هەزار هاووڵاتیش برینداربوون، کە زۆرینەیان ژن و منداڵ و کەسانى بە تەمەن بوون.

تاوەکو ئێستاش ٧٦ بنەماڵەى هەڵەبجە سۆراغى ١١٢ منداڵى ونبویان نازانن، کە لەکاتى کیمیابارانکردن، یان لە دواى ئاوارەبوونیان بەهۆى کیمیابارانەکەوە لە یەکترى دابڕاون. سەربارى ئەوەش خەڵکى هەڵەبجە، کە هۆى کیمیابارانکردنەکەوە ئاوارەى کەمپەکان بوون لە رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران، سەدان کەسیان گیانیان لەدەستداو لە کەمپەکان، یان شارو شارۆچکەکانى تر بەخاک سپێردراون.

هەروەها لە کاتى هەڵهاتنى خەڵکى هەڵەبجەدا لە ڕیگا سەخت و کوێستانییەکاندا دەیان کەس گیانیان لە دەستدا. دەیان برینداریش بەهۆى قورسى برینەکانیانەوە لە نەخۆشخانە جۆراجۆرەکانى ئێراندا گیانیان لە دەستدا. تا ئێستا لە پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی ٦٠ گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە، بەڵام ناشزانرێت چەند گۆڕی بەکۆمەڵی تر لەو پارێزگایەدا ماون و هەڵنەدراونەتەوە.

ئەو دۆخە وایکردووە ئامارێکى ڕوون لە شەهید و بریندارەکانى ئەو هێرشە کیمیاییە بۆ سەر هەڵەبجە لەبەردەستدا نەبێت، بەڵام بەپێى خەمڵاندنەکان، بە گشتى نزیکەى ٢٠ هەزار کەس لە خەڵکى هەڵەبجە و دەورووبەری بوونە قوربانیى ئەو چەکە کۆکوژەى بەعس.

کیمیابارانکردنى شارى هەڵەبجە، کە بە مەبەستى کۆمەڵکوژکردنى خەڵکى هەڵەبجە و لەچوارچێوەى پلانەکانى سڕینەوەى بە کۆمەڵی نەتەوەى کورددا بوو، جگە لە زیانە مرۆییەکان، زیانێکى زۆرى بە ژینگە، زەوی، درەخت، باخ و لەوەڕگە و دەشتەکانى هەڵەبجە گەیاند و ژەهراویکردن. هەروەها هەزاران باڵندە و ئاژەڵى ماڵى و کێوى بە ژەهری کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى ماددەى کیمیایى و لەسەر دەستى ڕژێمى بەعس لەناو چوون.

کێ چەکی بە ڕژێمەکەی سەدام فرۆشت؟

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەى (دی تاگستایتونگ - Die tagezeitun)ی ئەڵمانی، کە لە ١٧ی دیسەمبەری ٢٠٠٢دا بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە (١٥٨) کۆمپانیای جیھانی بەڕێگەی نایاسایی یارمەتی ڕژێمەکەی عێراقیان داوە، بۆ بەدەستھێنانی کەرەستەی جەنگی قەدەغەی جۆراوجۆر بە چەکی ئەتۆمی و کیمیایی و بایلۆژییەوە. لەوانەش (٨٠) کۆمپانیای ئەڵمانی، (٢٤)ی ئەمریکی، (٨)ی فەڕەنسی، (١٧)ی بەریتانی، (٥)ی یابانی، (٦)ی ڕووسی، (٧)ی بەلجیکی،  (٣)ی چینی، (٣)ی ئیسپانی، (٣)ی ھۆڵەندی و (٢)سویدی بوون.

تاوەکو ئێستا بەڵگەى پێویست و سەلمێنەر لەسەر ٢٥ کۆمپانیایان کۆکراوەتەوە، کە بەپێى ئەو بەڵگانە دەسەلمێنرێت ئەو کۆمپانیایانە ماددەی کیمیاییان بە سەدام داوە و ئەو ماددە کیمیایەشیان لە دژى خەڵکى هەڵەبجە بەکارهێنراون. لەسەر ئەو بنەمایەش کار بۆ ئەوە دەکرێت، کە سکاڵا لەسەر ئەو ٢٥ کۆمپانیایە تۆمار بکرێت و بدرێن بە دادگای نێودەوڵەتی.

 

گاز و ماددەی کیمیاییە بەکارهاتووەکان لە دژى هاووڵاتیانى ھەڵەبجە

ئەو گاز و ماددە کیمیاییانەى لە ھەڵەبجە بەکار ھێنران، زۆر جیاوازترن لەو گازە کیمیاییانەى لەلایەن مرۆڤایەتییەوە ناسراون و پێناسەى روونیان بۆ کراوە.

بەپێى وتەی پڕۆفیسۆر کریستیان گۆستن لەسەر خواستی تایبەتی سەدام حوسێن تێکەڵەیەک لە کۆمەڵێک گازی جیاواز دروستکراوە بۆ بەکارھێنانیان لە ھەڵەبجەدا. ئەو ماددانەش بریتیبوون لە (گازی خەردەل، گازی دەمار، سارین، ڤى ئیکس، تابوون و سیانید).

بە وتەى ئەو پڕۆفیسۆرە ئەو تێکەڵەیە، یان بەشێک لە تێکەڵەى ئەو ماددە کیمیاییانە کاریگەریی قورس لەسەر بەرکەوتوان دروست دەکەن و چارەسەرکردنیان ئەستەم دەبێت. ئەوەش بەمەبەست کراوە و لە پێناو کۆمەڵکوژکردنى تەواوەتیدا خراوەتە گەڕ. یەکێکی دیکەش لە ھۆکارەکانی تێکەڵکردنی ئەو ماددە کیمیاییانە لەلایەن ڕژێمەوە بۆ کەمکردنەوەی توانای وەچەخستنەوە بووە، واتە بە مەبەستی سڕینەوەی نەژادی ئەم ماددە کیمیاییە تێکەڵەیە دروستکراوە.

عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیاوی

عەلی حەسەن مەجید (١٩٤١-٢٠١٠) ناسراو بە عەلی کیمیاوی ئامۆزای سەدام حوسێن سەرۆکی پێشووتری ڕژێمی عێراق و فەرماندەى باکووری عێراق و وەزیری بەرگریی ڕژێمى بەعس لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا بوو.

عەلی حەسەن مەجید لەبەر بەشداریکردنى فراوان و سەرپەرشتیکردن و بەکارهێنانى چەکى کیمیایى لە دژى هاووڵاتیانى باشوورى کوردستان بە عەلی کیمیاوی ناوسراوە. عەلی کیمیایى بەلانیکەمەوە فەرمانى بۆ ٢١ هێرشى کیمیایى لە دژى خەڵکى باشوور و رۆژهەڵاتى کوردستان دەرکردووە و بەسەرپەرشتیى ئەو، ئەو هێرشە کیمیاییانە ئەنجامدراون، کە گەورەترینیان فەرمانى هێرشى کیمیایى بوو بۆ سەر هەڵەبجە.

عەلی کیمیایی لە وتەیەکدا، کە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام دەست میدیاکان کەوتووە دەڵێت "بەچەکی کیمیای ھەموویان (کوردەکان) دەکوژم. کێ بەتەمایە قسە بکات؟ ھەرچیەک دەڵێن با بیڵێن".

دادگایکردنی تاوانباران

تاوانباری سەرەکیی کیمیابارانکردنى هەڵەبجە و کوردستان عەلی حەسەن مەجیدە. ئەو تاوانبارە لەلایەن دادگای باڵای تایبەتی تاوانەکانی عێراقەوە، کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس دامەزرێنرابوو، بە تاوانی بەشداریکردن لە کۆمەڵکوژکردن و ئەنجامدانى جینۆساید لە پرۆسەى ئەنفال و کیمیابارانکردنى ھەڵەبجەدا، سزاى لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا.

لە دواى ڕووخانى ڕژێمى بەعس عەلی حەسەن مەجید وەک تاوانبارێکى سەرەکیى لیستى ٥٥ کەسە تاوانبارەکەى ڕژێمى بەعس لە ڕۆژی ٢١ى ئابی ٢٠٠٣ / ٣٠ى گەلاوێژدا، دەستگیرکرا. رۆژی ٢٤ى حوزەیرانى ٢٠٠٧ / ٣ى پووشپەڕدا، لەلایەن دادگاوە سزاى لەسێدارەدانى بۆ دەرکرا و ڕۆژی ٢٥ ى کانوونی دووەمی ٢٠١٠ / ٥ى ڕێبەندان، حوکمەکەی بەسەردا جێبەجێکرا.

لە ٢٣ کانونی یەکەمی ٢٠٠٥ / ٤ى ڕێبەندان دادگای باڵای ھۆڵەندا، بڕیاری ١٥ ساڵ زیندانیی بەسەر فرانس ڤان  ئانرانتدا سەپاند. فرانس ڤان ئانرانت ئەو کەسە بوو، کە یارمەتیی سەدام حوسێنی دابوو بۆ دروستکردن و دەستکەوتنى چەکى کیمیایى. ھەر لەو دادگایەدا دۆسیەی ھەڵەبجە بە جینۆساید ناسێنرا. ئەوەش یەکەمین جار بوو لە دادگایەکی باڵادا کۆمەڵکوژکردن وگازبارانکردنى ھەڵەبجە بە جینۆساید بناسرێنرێت.

هەروەها دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، نزیکەی ٥٠٠ دیکۆمێنتی ڕووبەڕووی سەدام حوسێن سەرۆکی پێشوی ڕژێمی عێراقی کردەوە، کە بەڵگەی ڕاستەوخۆیان تێدابوو، لەبارەى بەکارھێنانی ئەو گازە بە فەرمانی عەلی حەسەن مەجید و خودی سەدام.

ده‌رباره‌ى جينۆسايد

چەمکی کۆمەڵکوژی، یەکێکە لەو چەمکانە، کە لە بوارەکانی سیاسەت و یاسادا بەکار دەھێنرێت. ئەم چەمکە بۆ ئەو تاوانە نێودەوڵەتیانەیە، کە مەبەست لێی کۆمەڵکوژکردنی گەلێک یان نەژادێکە. ئەم چەمکە لە بنەمادا دوو بەشە: جینۆ، واتە نەژاد، ساید، واتە ئیبادە یان بەکۆمەڵ کوشتن.

بەپێى کۆنڤانسیۆن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، بەزۆر دەرکردنى کۆمەڵە خەڵکێک لەسەر ماڵ و زەوی و شوێنى ژیانیان و ڕاگواستنیان بۆ شوێنێکى تر، قەدەغەکردنى زمان و کولتوریان، کوشتن و لەناوبردنیان، ڕێگریکردن لە شێوەى ژیان و لەناوبردنى سەرچاوەى ئابووری و بژێویى ژیانیان و کۆمەڵکوژکردنیان، بە جینۆساید ئەژمار دەکرێت.

دوای ئەو کارەساتەی لە ھۆڵۆکۆستدا نازییەکان بەسەر جولەکەکانیاندا ھێنا، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٨دا  بڕیارێکی بۆ قەدەغەکردنی کۆمەڵکوژیی گەلان دەرکرد. لەپاڵیشیدا بڕیارێکی بۆ سزادانی ئەو دەسەڵاتانە دەرکرا، کە بەو کردەیە ھەڵدەستن.

دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٥٩ واژووی لەسەر ئەو پرۆژە بڕیارەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. ھەرچەندە بە ھیچ شێوەیەک حکومەتی بەعسی عێراقی پابەند نەبوو پێوەی.

مێژووى هەڵەبجە

لە سەردەمى نیشتەجێبوونى مرۆڤەوە، هەڵەبجە تاوەکو ئەمڕۆ ناوچەیەکى ئاوەدان بووە و بە بەردەوامى ژیانى تێدابووە. شارستانیەتەکان و دەسەڵاتەکانى ئاشووری، پیشدادی، میدیا، ئەخمینی (هەخامەنشییەکان)، ئەسکەندەر (مەقەدونی)، ئەشکانى و ساسانى بە خۆیەوە بینیوە.

مێژوونووس ئەمین زەکی بەگ، لایوایە شوێنی ئێستای ھەڵەبجە، ھەمان ئەو شوێنەیە، کە لە مێژوودا بە شاری سەرجۆنی ئەکەدی (٣٥٠٠-پ . ز) ناسراوە.

لە ساڵى ٦٤٣ زایینەوە ئایینى ئیسلام لە هەڵەبجەدا بڵاوبووەتەوە و لەوە بە دواوەش هەر یەک لە دەسەڵاتەکانى عەباسی و ڕوادییەکان، سلجوقییەکان، ئەتابەکەکان، ئەییوبییەکان، مەغۆلی، جەلائیری مەڕەسپی، تەیمووری لەنگ، ئەردەڵان و سەفەوییەکان، بابانەکان، عوسمانی، ئینگلیز، شێخ مەحمود، حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمى بە خۆییەوە بینیووە.

ئەوەى کە ئێستا پێى دەوترێت شارى هەڵەبجە لە سەدەى ١٦ى زایندا دروستکراوە. ھەڵەبجەی جاران دوو قەیسەری گەورەی ھەبوو (قەیسەری پاشا‌ و قەیسەری حامید بەگ) کە لە ساڵی ١٩٣٤ درووستکرابوون.

بینا‌ و سەرا‌ و پۆلیسخانەی ھەڵەبجە ساڵی ١٩٣٠ درووستکراون. یەکەم قوتابخانە ساڵی ١٩٢٥ و ساڵی ١٩٢٩ بوو بە خاوەنی نەخۆشخانە، ساڵی ١٩٤٠ ئامێری کارەبای ھەڵەبجە، کە موەلیدەیەکى بەرمهێنانى کارەبا بووە، کەوتووەتە گەڕ.

لە ساڵی ١٩٢٩ پڕۆژەی تۆڕی ئاوی ھەڵەبجە تەواو بووە. لە ساڵی ١٩٢٤ تەلەگراف خانە دامەزاوە، لەناو شاری ھەڵەبجە تەنھا یەک ئۆتۆمبێل ھەبووە پێیان وتووە (لۆریەکەی عەزە) ئەو لۆرییە لە ساڵى ١٩٥٠دا بە دوو ڕۆژ جاریک لەهەڵەبجەوە ئەچوو بۆ سلێمانى.

سروشت و کشتوکاڵی هەڵەبجە

بەشێک لە دەشتى شارەزوور دەکەوێتە سنوورى هەڵەبجە. هاوکات تێکەڵبوونی بە شاخەکانى هەورامان وایکردووە، کە ببێتە خاوەنی چەندین کانیاوى گەورە و دەشتى بە پیت.

ساڵانە لە ٥٥٠ ملم تاوەکو ٧٥٠ ملم بارانى لێ دەبارێت. ئەو ڕێژە بارانە و خاکى بەپیت وایکردووە، چەندین جۆر بەروبووومى کشتوکاڵى وەک هەنار، ترێ و گەنم و سێوی بە ناوبانگی تیادا بەرهەمبهێنرێت.

بە گشتى له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجەدا‌، ١١٦ هه‌زار دۆنم زه‌ویى كشتوكاڵى هه‌یه‌، کە ٨ هه‌زار و ٥٠٠ دۆنمى باخى هه‌ناره‌ و له‌لایه‌ن هه‌زار باخه‌وانى ئەو سنوورەوە نزیکەى ٢٥ هه‌زار تۆن هەناری لێ بەرهەم دەهێنرێت.

هەروەها لە سنووری هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ورامان نزیكه‌ى ٨٠ هه‌زار دارگوێز هه‌یه‌ و ساڵانه‌ش نزیكه‌ى ١٠ملیۆن گوێزى لێ ده‌چنرێته‌وه‌.

بە پارێزگابوونی هەڵەبجە

لە ٥ى شوباتى ٢٠١٣ / ١٧ى ڕێبەندان، بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی عێراقەوە دەرکرا.

لە ١٣ى ئازارى ٢٠١٤ / ٢٢ى رەشەمە دا حوكمەتى هەرێم بڕیاری بە پارێزگا بوونى هەڵەبجەى دەرکرد. لە ١٦ى هەمان مانگدا / ٢٥ى ڕەشەمە، فەرمانی هەرێمیی بۆ دەركرا.  پەرلەمانى کوردستانیش لە ٥ى شوباتى ٢٠١٥ / ١٦ی ڕێبەندان دا بڕیارى بە پارێزگا بوونى هەڵەبجەى دەرکرد.

بەپێى ئاماری دەستەى ئامارى هەرێم ژمارەى دانیشتوانى پارێزگاى هەڵەبجە ١١١ هەزار و ٣٥٥ کەسە. دانیشتوانى ناو شارى هەلەبجە، واتە ناوەندى پارێزگاکە زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس دەبێت.

هەروەها ڕووبەری پارێزگاکە هەزار و ٥٩٩ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. پێش بڕیارى بە پارێزگاکردنى هەڵەبجە، هەڵەبجە بەشێک بووە لە پارێزگاى سلێمانى و ٣٩.٩%ى ڕووبەرى پارێزگاى سلێمانی و زیاتر لە ١٢%ى دانیشتوانی پارێزگاى سلێمانیى پێکهێنابوو.

سنووری پارێزگاى هەڵەبجە هەر یەک لە ناحیەکانی خورماڵ، سیروان و بیارە و ١٥٣ گوند لەخۆ دەگرێت.

ھەڵەبجە بە ھەریەکە لە چیاکانی شنروێ، باڵامبۆ، ھەورامان دەورەدراوە. ٧٥ کیلۆمەتر سنوورى هاوبەشى لەگەڵ ڕۆژهەڵاتى کوردستاندا هەیە.

شارى هەڵەبجە دەکەوێتە ٨٣ کیلۆمەتریى باشوورى ڕۆژهەڵاتى سلێمانى و ١٥ کیلۆمەتریش لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە دوورە و دەشکەوێتە ٢٢٥ کیلۆمەتریى باکوری ڕۆژهەڵاتى بەغدادەوە.

نزیکەى ١٢ هەزار یەکەى نیشتەجێبوون و خانووى تێدایە. لە هه‌ڵه‌بجه‌ نزیكه‌ى ٢٩ هه‌زار خوێندکار له‌ ١٤٥ خوێندنگەدا وانەدەخوێنن، کە ٩٧ خوێندنگەیان بنەڕەتین. هەروەها لە ١١ خوێندنگەش به‌ زمانى ئینگلیزى وانه‌ خوێندکاران دەوترێته‌وه‌.

هەڵەبجە ٣٠ هه‌زار هاوبه‌شى كاره‌با هه‌یه‌. لەو کاتانەدا، کە کارەبای نیشتمانى نەبێت بە ‌٥٤ موەلیده‌ى ئه‌هلى کارەبا بۆ هاووڵاتیان و شوێنە  گشتییەکانى هەڵەبجە دابین دەکرێت.

ک.ا

ر.م