دیسانەوە ئەگەری داخستنی سنوور لەسەر مێزە

ژان فرانسۆ دیلفراسی سەرۆکی ئەنجوومەنى زانستیی فەرەنسا رایگەیاند، لە ماوەیەکى کەمدا و بەهۆی دووبارە بوونەوەی شەپۆلی کۆرۆناوە ئەگەری ئەوە هەیە جارێکیتر سنوورەکان دابخرێنەوە.

ژان فرانسۆ دیلفراسی لە کەناڵی (BFMTV) رایگەیاند، ئەگەری داخستنەوەى سنوور دیسانەوە لەسەر مێزدایە. راشیگەیاند، ئەگەر رێوشوێن نەگیرێنە بەر و رێوشوێنەکان توند نەکرێن، دواى ئەیلول کە خوێندنگەکان دەکرێنەوە، ئەوا سەردەمێکى نورماڵ و ئاسایی دەستپێناکات.

دیلفراسی وتی، لە فەرەنسا رۆژانە ٥٠٠ تووشبووی نوێ تۆمار دەکرێن و ئەوەش نیوەى کەسانی تووشبووە، کە تۆمار دەکرێن.

لە فەرەنسا تاوەکو ئێستا ١٧٠ هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون و ٢٩ هەزار و ٩٧٩ کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لە دەستداوە.

بەهۆی بڵابوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) و گیان لە دەستدانی دەیان هەزار کەس لە مانگەکانى ئادار و نیسانی رابردوودا سنووری نێوان وڵاتانی ئەوروپی داخرا، بەڵام لە ١٥ی حوزەیرانەوە سنوورەکان دووبارە کرانەوە. ئێستاش دیسانەوە بەهۆی ئەگەری تەشەنەسەندنەوەى ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەگەری داخستنی سنوور لە مێزی بەرپرساندایە.

ژ.ت