دەنگدان بە فشار و زۆرداریی ئاکەپە دەستیپێکرد

لە شاری کۆڵن-ی ئەڵمانیا، لە کونسوڵخانەی تورکیا، بە ساختەکاری و فشار و زۆرداریی ئاکەپەییەکان لە دەنگدەران دەستیپێکرد.

 

لە شاری کۆڵن-ی ئەڵمانیا، لە کونسوڵخانەی تورکیا، بە فرت و فێڵ و فشار و زۆرداریی ئاکەپەییەکان لە دەنگدەران، پرۆسەی دەنگدان دەستیپێکرد. کارمەندانی هەدەپە و جەهەپە ڕایانگەیاند کە ئاکەپەییەکان لە ڕۆژی یەکەمەوە دەستیان بە فشار و زۆرداریی کردووە.

بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ ی پووشپەڕی تورکیا و باکووری کوردستان، لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و نەمسا، دوێنێ دەنگدان دەستیپێکرد. دەنگدەرانی دانیشتووی ئەڵمانیا لە ١٣ ناوەندی دەنگدان دەتوانن دەنگی خۆیان بدەن. شاری کۆڵن یەکێکە لەو ناوەندانە و یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی دەنگدانە. کارمەندانی هەدەپە و جەهەپە دەستنیشانیان کرد کە فاشیزمی ئاکەپە لە ئەوروپاش بەردەوامە.

مەلاکانی 'دیتیب' لەسەر سندوقەکانی دەنگدانن

یەک لە شاهێدحاڵەکانی هەدەپە لە کۆڵن بەناوی دیلەک ساتیلمش ئاشکرایکرد کە پرۆسەی دەنگدان لە کۆڵن لەژێر شەرت و مەرجی دیموکراتیدا ئەنجام نادرێت و وتیشی "هەدەپە لە ئەوروپا حزبی دوویەمە و لە پەرلەمانیش فراکسیۆنی خۆی هەیە، بەڵام ڕێگەمان پێ نادرێت کە نوێنەری خۆمان هەبێت لەسەر سندوقی دەنگدان. ئەوەش کارێکی نادیموکراتییە.

ئەوەش ئێمە وەک بەرپرسانی هەدەپە نیگەران دەکات. هەروەها شتێکی تر کە مایەی نیگەرانی زۆری ئێمەیە ئەوەیە کە سەرۆک و جێگری سەر سندوقەکان لە مەلاکانی 'دی ئای تی ئای بی' پێک دێن. نوێنەری مەهەپەش هەن لەسەر سندوقەکان. بەکورت و کورمانجی، کردەوە دژە دەیموکراتیەکانی تورکیا، لێرە، لە ئەوروپاش بەردەوامیان پێ دەدرێت.

وێنەی ئەردۆغان نیشانی دەنگدەران دەدەن

یەکێکی تر لە شاهێدحاڵەکانی هەدەپە بە ناوی حوسێن بیلگەلی ئاشکرایکرد کە کارمەندانی ئاکەپە وێنەی سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغانیان نیشانی دەنگدەران دەدەن و فشاریان دەخەنە سەر کە دەنگی خۆیان بە ئاکەپە بدەن. بیلگەلی وتیشی "کارمەندان و چاودێرانی ئاکەپە وێنەی ئەردۆغان و لۆگۆی ئاکەپە نیشانی دەنگدەران دەدەن و فشاریان لەسەر دروست دەکەن. پاش ئەوەی کە هێز و لایەنەکانی تر دەستیان وەردایە ئەو دۆخەوە، ئیدی نەیانتوانی ئەوە دووبارە بکەنەوە. تەواوی کارمەند و چاودێرانی ئاکەپە تووڕە و شەڕانین، ئەوەش کاریگەریی لە دەنگدەران دەکات. لە تورکیا فشار هەیە، ئەو فشارەی ئەوێ، کارگەری لەسەر ئێرەش دادەنێت".

'ئێمە ڕێگە نادەین کە ئاکەپەییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی بجوڵێنەوە'

سەرۆکی دووەمی جەهەپە لە ئەیالەتی 'ئێن ئاڕ دەبلیو'ی ئەڵمانیا سەلمان یەلکەن، ئاماژەی بە کردار و جموجوڵی ئاکەپپەیەکان کرد کە لەدەرەوەی یاسان. دەربارەی ڕێوشوێنەکانی خۆیان دژ بەو جموجوڵە نایاساییانە، سەلمان وتی "ئێمە ڕێگە بەو جۆرە هەڵسوکەوتانە نادەین. لەسەر هەر سندوقێکی دەنگدان کارمەندی ئێمەش هەیە. چاودێر و کارمەندانی هەدەپەش کارەکانی خۆیان بە باشی بەڕێوەدەبەن. بەناوی جەهەپە و بەناوی خۆمەوە دەڵێم 'بە هاوپەیمانیی لەگەڵ هەڤاڵانی هەدەپەدا ئێمە ڕێگەیان پێ نادەین. لەلایەنی یاساییەوە هەرچی پێویست بێت، ئێمە ئەوە دەکەین. ئێمە ڕێگە بە کردەوە و جموجوڵێک نادەین کە لە دەرەوەی یاسادا بێت".

ک-ش