رۆشنبیر و سیاسیە ناودارەکانی جیهان: ڕۆژئاوا پرسێکی مرۆڤایەتیە

ڕۆشنبیران و سیاسیە جیهانیەکان لە دژی بازرگانیە قێزەوەنەکانی هێزە نێودەوڵەتیەکان بە گەلانی ناوچەکەوەو لە دژی هێرش و داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێستی خۆیان نیشان دا و دەڵێن، مەترسی جینۆساید لەسەر گەلی کورد هەیە.

چۆمسکی: "بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ئەوەی لە دەستمان دێت دەبێت بیکەین"

زمانەوان و فەیلەسوف و مێژوونوسی ئەمریکی نوام چۆمسکی دەڵێت:
"ترامپ دوای ئەوەی بە سەرشۆڕی تەسلیمی ئەردۆغان بوو، ناوی خۆی لە لیستی سەرۆکە شەرمەزارەکانی ئەمریکا دا تۆمار کرد کە 45 ساڵە بە شێوەیەکی زاڵمانە و سەرشۆڕانە خیانەت لە گەلی کورد دەکەن. بە هەزاران شەڕڤانی کورد گیانیان بەخت کرد و دوای ئەوەی داعشیان تێک شکاند و سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا بەڵێنی دابوو بیانپارێزێت لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، جێگای شەرمەزاریە ڕۆژئاوا لە ژێر پێی ئەردۆغان و ئەسەد دا بە جێ بهێلرێت. گەورەیی ئەو تاوانەی کراوە و خیانەتەکەی ترامپ دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا کە سەرچاوەی ئیلهامە بۆ کورد، داخاتە ژێر مەترسی و ریسک و گومانەکان زیادەکات. بۆ ئەوەی کۆتایی بەو ستەمە بهێنرێت و قوربانیەکان بپارێزرێن چی لە دەستمان دێت دەبێت بیکەین."
گیاردینی: "هێرشەکان لە دژی هیواو ئاواتی هەموومانە"
پرۆفیسۆر فیدریکا گیادینی مامۆستای زانکۆی ترای رۆما دەڵێت:
"خۆڕاگری لە ڕۆژئاوای کوردستان وەک چۆن لە ناوچەکانی تری جیهان خۆڕاگری لە دژی زوڵم و ستەم هەیە، بە هەمان شێوە نمونەی خۆڕاگریە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست. لە لایەن ملیۆنان چالاکوان و بیرمەند و ئەکادەمیسیەنەوە کەلتوری سیاسی کورد بوو بە نمونەی ژیانکردن بۆ تێکۆشینی کەلتوری و پەیوەندی جۆراوجۆر و کۆمەلگایەکی یەکسان و خۆسەریەکی بێ دەوڵەت و دیاریکردنی چارەنووس و دیمۆکراسی ڕاستەقینە و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ڕاوێژکار. ئەم هێرشە توندەی سەر کورد کە مرۆڤ تۆقێنەرە، لە دژی ئاوات و هیواکانی هەموومانە. توڕەیی و پشتیوانی سەرتاسەری جیهان، نیشانەی پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان و بڕیاری بەدواداچوونیەتی."
ئازەلینی: "ئەردۆغان دەیەوێت مێژوو بباتەوە بۆ دواوە "
دکتۆر داریۆ ئازەلینی سیاسەتمەدار و کۆمەڵناسی بە نەژاد ئیتاڵی کە لە ئەمریکا دەژیت لەم بارەیەوە بەم شێوەیە بیروبۆچوونی دەخاتە روو:
"لە 9ی تشرینی یەکەمەوە تا ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک کە دووەم گەورەترین سوپای نێو ناتۆیە، بە هاوکاری چەکدارانی ئەلقاعیدەو داعش لە دژی ڕۆژئاوای کوردتان شەڕ دەکات. ئامانجی ئەم شەڕە داگیرکردنی خاکە. ئامانجە سەرەکیەکەش قڕکردنی گەلی کورد و سوریانی و کریستیان و ئێزیدی و عەرەبە و دەیەوێت لە شوێنی خۆیان ڕایانگوازێتەوە. قەسەدە بە پێشەنگی شەڕڤانانی کورد زۆربەی نەتەوەکانی لە یەک هێزدا کۆ کردەوەو داعشی بە تەواوی لەناو برد. لەو شەڕانەدا 11 هەزار کەس شەهید بوون. لە ڕۆژئاوای کوردستان مۆدێلی ژیانێکی هاوبەشی بۆ نەتەوەو ئایینەکانی چەسپاند. لە بەرامبەر دا تورکیا و ئەو هێزانەی پشتیوانی لێ دەکەن هەوڵی ڕاگواستن و قڕکردن دەدەن و بەم شێوەیە نەژادپەرەستی و دەستهەڵاتی خۆیان دەچەسپێنن.
ئەمرۆ ئەردۆغان دەیەوێت مێژوو بباتەوە بۆ دواوە. تورکیا خەیاڵەکانی خۆی بۆ نوێکردنەوەی ئیمراتۆریی عوسمانی ناشارێتەوە. لە رۆژئاواوە بریار لەسەر چارونووسی سەرتاسەری ناوچەکە دەدات. ئەگەر ئەم هاوکاریە لە پلانەکانی ڕۆژئاوا دا سەربکەوێت، لەوێ سنووردار نامێنێت. بۆیە هەرچیەک لە ڕۆژئاوا و سەرتاسەری جیهانیش پێویست بێت، ئێمە لە دژی ئەم شەڕە دەوەستینەوە. ئەمە بابەتێکی مرۆڤایەتیە."
جۆنگیردن: "ئەردۆغان کورد لە بەرامبەر بە خۆی مەترسیدار دەبینێت"
دکتۆر جۆست جۆنگیردن کۆمەڵناس لە زانکۆی واگینینگینی هۆلەندا لەم بارەیەوە دەڵێت:
"لە تورکیا زیهنیەتی سەردەستی سیاسی، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری کوردیان لە ناو سنوری سوریادا قبول نیە و ئەمە وەکو مەترسیەک دەبینێت و وەکو "تیرۆر" پێناسەی دەکات. بەم هێرشانە تورکیا دەیەوێت نەتەوە دەوڵەتێکی بەهێز لە ناوچەکە دروست بکات. 
وێسترهیم: "کورد لە بەردەم مەترسی جینۆساید دایە"
پرۆفیسۆر کاریان وێسترهیم سەرۆکی کۆمیسیۆنی هاوڵاتیانی تورکیا لە یەکێتی ئەورۆپا و مامۆستای زانکۆی بیرگینی نۆروێج دەلێت:
"ڕاستیەکەی لەم دوو هەفتەی دواییدا کورد رووبەروی جینۆساید بۆتەوە. بەم هۆیەوە لە سەرتاسەری جیهان لە دژی ئەمریکا و زڵم و ستەمەکەی، چالاکی و خۆپیشاندان بەڕێوە دەچن. لە چالاکیەکاندا پشتیوانیەکی بێ وێنە لە گەلی کورد دەکرێت و داوایان لێ دەکریت کە بەردەوام بن لەو ڕێگایەی گرتوویانە بەر. دەڵێن ئێمە وەکو دۆستی دەرەوەی وڵاتتان، بۆ پشتیوانیتان هەموو ڕێگایەکی دیمۆکراسیانە بەکار دەهێنین و دەڵێن ڕاستە ئێمە وەکو ئێوە ڕوبەڕووی دڕندایەتی نەبوینەتەوە، بەڵام ئەمە بزانن کە ئێمەش بە چالاکیەکانمان لەگەڵتان داین."
مادیر: "ئەمریکا و ڕووسیا پشتگیری داگیرکەریەکانی تورکیا دەکەن"
پرۆفیسۆر ئویلی مادیر کۆمەڵناسی زانکۆی باسێلی سویسراش لە بارەی رووداوەکانی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان بەم شێوەیە بیروبۆچوونەکانی دەردەبڕێت:
"هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئاوارەکردنی خەڵکی ناوچەکە، بو توندی شەرمەزار دەکەم. بە سەدان هەزار کەس لەو ناوچەیە ئاوارە بوون. لەو ژمارەیە بە دەیان هەزاریان کوردن. لە بەرامبەر پشتیوانی ئەمریکا و ڕووسیا بۆ بنپێکردنی مافەکانی نێودەوڵەتی توشی سەرسوڕمان بووم. بۆیە هەڵوێستێکی ئاشکرای نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر گرنگە.
ز.ش