زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کارمەندی کەرتی تەندروستی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون

بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە سەرتاسەری جیهاندا ١٠٠ هەزار کارمەندی کەرتی تەندروستی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) بوون، بەڵام چەندین سەرچاوە باس لەوە دەکەن ژمارەی کارمەندە تووشبوەکانى کەرتی تەندروستی زۆر لەوە زیاترە.

بەپێی ئاماری ئەنجوومەنى نێونەتەوەیی پەرستاران، کە بارەگاکەى لە شاری جنێڤی سویسرایە دەیان هەزار کارمەندی کەرتی تەندروستی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) بوون.

ئەنجوومەنی نێونەتەوەیى پەرستاران کە نوێنەرایەتی ٢٠ ملیۆن کارمەندی کەرتی تەندروستی لەسەرتاسەری جیهان دەکات رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ٩٠ هەزار کارمەندی کەرتی تەندروستی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

هۆوارد کاتۆن بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجوومەنى نێونەتەوەیی پەرستاران بە ئاژانسى هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لەبەر چەندین هۆکاری جۆراوجۆر لە زۆرێک لە وڵاتاندا ژمارەی توشبوان نازانرێت، بۆیە دەکرێت ژمارەی توشبوان زۆر لەوە زیاتر بێت.

راشیگەیاند، ئاماری زۆرێک لە وڵاتانیان لە بەردەستدا نییە و تەنها زانیارییەکانى فیدراسیۆنە ئەندامەکانیان لە ٣٠ وڵاتەوە لە بەردەستدایە و ئەویش ئەو ئامارەیە، کە حکومەتى بڵاوی دەکاتەوە و لە میدیاکاندا بڵاودەکرێنەوە.

هۆوارد کاتۆن باسی ئەوەشیکرد، لە سەرتاسەری جیهاندا گومانی تووشبوونی ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کارمەندی تەندروستی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە و ژمارەی کارمەندەکانی کەرتی تەندروستی، کە تووشی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون ٢٠٠ هەزار کەس دەبن.   

ئەوەشی خستەڕوو، زۆرێک لە حکومەتەکان زانیاریی لەبارەى کارمەندانى کەرتی تەندروستیی کۆناکەنەوە و بەرپرسان ئەو راستییە بە هیچ دەزانن و ئەوەش "ریسوابوون و ئابڕووچوونە".

ئەوەش لە کاتێکدایە بەپێی ئامارەکانى رێکخراوى تەندروستیی جیهانی (WHO) لە ١٩٣ وڵاتدا ٢٢ هەزار کارمەندی کەرتی تەندروستی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

ژ.ت