زیاتر لە ٣٠ هەزار خوێندکاری سیستان و بەلوچستان لە خوێندن بێبەشن

بەپێى ئامارەکانى دەوڵەتى ئێران نزیکەى ١٤١ هەزار خوێندکار لە ئێران بێبەشن لە خوێندن. لەو ژماەرەیە ٣٠ هەزاریان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان دان.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای سیستان و بەلوچستان دواکەوتن و بێبەشبوونی ٣٠ هەزار خوێندکاری لە خوێندن ئاشکراکرد.

حەمیدرەزا ڕەخشانی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای سیستان و بەلوچستان وتی: بەپێی ئامارەکان ٣٢ هەزار خوێندکاری دواکەوتوون لە خوێندن لە پارێزگاکەمان دا، بەڵام تەنها ٨ هەزار کەسیان ناوەکانیان روون بووەتەوە.

ژماری گشتیی خوێندکارانی بێبەشبوو لە خوێندن لە ئێران، نزیکەی ١٤١ هەزار کەس دەبێت. لەو ژمارەیەدا ٣٠ هەزار خوێندکار لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان دان. ئەم کارەش خۆی بە تەنها نیشانەی بەرزیی ئاستی هەژاریی و بێبەشبوونی ئەو پارێزگایەیە.

گەلاوێژی ئەمساڵ یاریدەدەری پەروەردەی سەرەتایی لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە ڕایگەیاند، لە ئێران ١٤١ هەزار خوێندکاری بێبەشبوو لە خوێندن هەیە، بەپێی ڕیزبەندییەکان پارێزگای سیستان و بەلوچستان، هورمزگان، کرمان و ورمێ، زیاترین ژمارەی ئەو خوێندکارانە لەخۆ دەگرێت.

پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە میانەی ٤٠ ساڵ حکومەتی یەک لەدوای یەکی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، ڕووبەڕووی سیاسەتی هەژاری و بێبەشی کراوەتەوە و خاوەن بەرزترین ئاستی هەژاری، بێکاری و بێبەشبوونە لە خزمەتگوزارییەکان.

هێشتا بەشێکی خەڵکی پارێزگای سیستان و بەلوچستان ناسنامەیان نییە

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دواکەوتن و بێبەشبوونی منداڵانی ئەم ناوچەیە لە خوێندن، هەژاری و بێکاریی دایک و باوکە، چونکە ناتوانن تێچووی خوێندنی منداڵانیان دابین بکەن و زۆرجار منداڵان کاریان پێ دەکرێت.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بێبەشبوون لە خوێندن لەو پارێزگایە، نەبوونی خوێندنگەی پێویست و ستاندەرە، هاوکات نەبوونی ڕێگەی گونجاوە بۆ لادێ و شارە دوورەدەستەکان.

زۆرێک لە پۆلەکانی وانە بە کەپر دروست کراون، کە خەڵکی خۆجێیی خۆی دروستی کردوون و خوێندکاران لەو کەپرانەدا هیچ جۆرە پێداویستییەکی وەکو ئاو و کارەبا و هۆکارەکانی گەرمکردنەوە و فێنککردنەوەیان نییە.

ژ.ت