زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە فەرەنسا حکومەتی تەنگەتاو کردووە

لە ٥ی کانونی یەکەمەوە لە فەرەنسا مانگرتن لە دژی چاکسازیی یاسای خانەنشینی بەردەوامە. لەم چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ سێشەمە بە سەدان هەزار کەس رژانە ناو شەقامەکان. بارۆدۆخێکی نالەبار لەو وڵاتی هاتووەتە ئاراوە.

چالاکیی سەندیکاکان لە دژی ریفۆرمی خانەنشینی، حکومەتی فەرەنسای تەنگەتاو کردووە. حکومەت پەلە دەکات لە جێبەجێکردنی پلانەکەیدا بۆ چاکسازی لە یاسای خانەنشینیدا و بە پێی زانیارییەکان سبەی رۆژی چوارشەممە پلانەکەی ئاشکرا دەکات.

سەندیکاکانیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیاندا و لە هەمان کاتدا زۆرێک لە پارت و بزوتنەوەکانیش پشتیوانی لە چالاکییەکان دەکەن.  

لە ٥ی کانونی یەکەمەوە نزیکەی ١.٥ ملیۆن کەس لەسەرتاسەری فەرەنسا رژاونەتە ناو شەقامەکان کە تەنها لە فەرەنسای پایتەختیش ٢٥٠ هەزار کەس رژانە ناو شەقامەکان و لەو رۆژەوە چالاکیی ناڕەزایەتی بەردەوامن. لە ئێستادا هەموو بەیانییەک بە سەدان کیلۆمەتر ئۆتۆمبیل بە ریز دەوەستن.

ئەمڕۆ لە چوارچێوەی چالاکییەکاندا زانکۆکانی ئەو وڵاتەش نەکرانەوەو بە سەدان خوێندنگاش داخرابوون. تەنها لە شاری پاریس لە سەدا ٢٠ی قیتارەکان کار دەکەن. میترۆکانیش لە هەمان بارودۆخدان. لە ١٦ هێڵی میترۆ، تەنها ١٠ هێڵیان کار دەکەن. چالاکان، ٧ ناوەندی ئۆتۆبوسیشیان بلۆک کردووە.

بە پێی زانیارییەکان بڕیار وایە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە پلانە تازەکەی یاسای خانەنشینی ئاشکرا بکات، بەڵام سەندیکاکان بڕیاریان داوە رۆژی پێنج شەممە جارێکی دیکە بڕژێنەوە ناو شەقامەکان.

ز.ش