CPJ: زۆرترین ڕۆژنامەنووس لە چین و تورکیا زیندانیکراون

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (سی پی جەی-CPJ) لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕایگەیاند، زۆرترین ڕۆژنامەنووس لە چین، تورکیا، سعودیا و میسر لە زیندان دان.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لەو ڕاپۆرتە تایبەتەدا ڕایگەیاند، لە تورکیا ٤٧ ڕۆژنامەنووس لە زینداندان.

بەو شێوەیە، دوای چین، تورکیا لە ڕیزی دووەمدایە کە زۆرترین ڕۆژنامەنووسی زیندانیی کردووە.

بەگوێرەی ڕێخراوە میدیاییەکان، ژمارەی ڕۆژنامەنووسە زیندانیکراوەکان لە سەرووی ١٠٠ کەسە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش ڕاگەیاندراوە کە لە هەموو جیهان، لە ساڵی ٢٠١٩دا لانی کەم ٢٥٠ ڕۆژنامەنووس دەستگیر کراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە: "دوای چین، تورکیا، سودیا و میسر لە بابەتی زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووساندا ئەریتیریا، ڤێتنام و ئێران لە ڕیزی دواتر دێن".

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە: "چین گوشارەکانی لەسەر میدیاکان زیاد کردووە، لە تورکیاش دەتوانرێت بوترێت کە ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ بە تەواوی لەناوچووە، هەندێک ڕۆژنامەنووس بە بریاری ئەوەی لە چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی دۆسییەکانن، یانیش چاوەڕوانی تێهەڵچوونەوەی دادگای تێهەڵچوونەوەن ئازاد کراون. لە ساڵی ٢٠١٩دا ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بەهۆی پیشەکەیانەوە دەستگیر کرابوون، نزیکەی ٢٥٠ کەسن کە لە ئاستی ڕیکۆرد دایە. بەهۆی ئۆتۆریتۆریزم، نائارامی و خۆپیشاندانەکانی شەرمەزارکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراو زیادی کردووە، بە تایبەتی لە میسر و سعودیە کە بابەتی گرتنی ڕۆژنامەنووسان لە ڕیزی سێیەم دایە".

لە بارەی گرتنی رۆژنامەنووسان لە عێراق و هەڕێمی کوردستانیش بەپێی ڕاپۆرتەکەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان ، لە ساڵی ٢٠١٩ لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستاندا تەنها یەک ڕۆژنامەنووس زیندانیکراوە، ئەویش پەیامنێری ڕۆژنیوز، زوبێر برادۆستییە.

لە ڕۆژی ٢١-٧-٢٠١٩وە، زوبێر حەمەدەمین، ناسراو بە زوبێر برادۆستی، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز لە دەڤەری سیدەکان، لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکرا، دوای چوار مانگ و ١٧ ڕۆژ، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٨-١٢-٢٠١٩ سەربەستکرا و هیچ تۆمەتێکی لەسەرنەبوو تا بەسەریدا ساغبێتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئاماژەدان بە کەیسی برادۆستی، لە ڕاپۆرتەکەدا هێما بۆ دەستگیرکردنی بڕیار محەمەد، پەیامنێری ڕۆژنیوز لە هەولێر کراوە کە لە ڕۆژی ٢١-٨-٢٠١٩ دەستگیرکرا و دواتر لە ١٥-٩-٢٠١٩ ئازادکرا.

کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان CPJ، ڕێکخراوێکی ناحکومی قازانج نەویستە، بنکەی سەرەکی لە نیۆرکی ئەمریکایە، ئامانجی پشتیوانیکردنی ئازادیی ڕۆژنامەوانییە و بەرگری لە مافی رۆژنامەنووسان، ئەو ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٨١ لەلایەن مایکل ماسینگ دامەزراوە.