فەرەنسا: لە ناو تورکەکاندا بەرپرسانی پێشووی داعشیش هەن

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، لیبیا بەرەو سوریابوون  دەچێت و وتی:"لە ناو هێزە سەربازیەکانی سوریا کە لەگەڵ سوپای تورکیا دەجوڵێنەوە، بەرپرسانی پێشووی داعشیش هەن."

لی دریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کۆبونەوەی کۆمیسیۆنی هێزە چەکدارەکان و پاراستن و پەیوەندیەکانی دەرەوەی سەناتو قسەی کرد و تیشکی خستە سەر ئەو لێکدانەوانەی ئیدیعای ئەوە دەکەن، ئەوان پشتیوانی لە خەلیفە حەفتەر دەکەن کە رۆژهەڵاتی لیبیا کۆنترۆل دەکات.

لی دریان وتی:" من ئەم قسانە لەو شیرۆڤەکارانە دەبیستم کە ئاگایان لە مێژوو نیە." هاوکات تیشکیشی خستە سەر ئەوەی خەلیفە حەفتەر سالی ٢٠١٤ لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرابوو، هاوکات بە شێوەیەکی رەوا ناسێنرا.

'لیبیا وەکو سوریای لێدێت'

لی دریان وتی:"ئەو کاتە ئامانجی سەرەکی سوپای نشتیمانی لیبیا کە لە دەوری خەلیفە حەفتەر کۆببووەوە، رووبەرووبوونەوەی داعش بوو. ئەو کاتە بە پێشنیار و پشتیوانی سیاسی، پشتگیریمان لێدەکردن. تێکۆشانیان لە دژی داعش لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی قبوڵ دەکرا. دەمەوێت ئەوە بێنمەوە یاد کە ساڵەکانی ٢٠١٤-٢٠١٥ لە فەرەنسا هێرش ئەنجام دران."

ئەو وەزیرەی فەرەنسا رایگەیاند، ئەم بارودۆخە گۆڕاوە و وتی:"لیبیا لەبەردەم شەڕێکی ناوخۆییدایە. لیبیا لەبەردەم سوریابووندایە. نەک سوریابوونێکی سیمبولیک، چونکە ئەو هێزانەی پشتیوانی لە حکومەتی هاوئاهەنگی نشتیمانیی فایز ئەلساراژ دەکەن، ئەو هێزانەن کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە لە رۆژئاوای لیبیا وەکو میلیشیا بەرێکخستن دەکرێن. ئەو چەکدارانەن کە بە فڕۆکە لە ئیدلبەوە بەرەو لیبیا گوازراونەتەوە. ئەو هێزانەن کە سەر بە تورکیان. ئەمە بارودۆخێکی نائاساییە."

لە ناوەندی سەناتو پرسیاری ئەوە کرا، کە ئایا ریسکی ئەوە لە ئارادا هەیە، ئەندامانی داعش جارێکی دیکە خۆیان بگەیێننەوە ئەوروپا، لی دریان لەم بارەیەوە وتی:"لە ناو ئەو سەربازە سوریانەی لەگەڵ تورکیا کاردەکەن، پێدەچێت بەرپرسانی پێشووی گروپە جیهادیستەکان هەبن. بۆیە بارودۆخەکە نالەبارە."

ئەو وەزیرەی فەرەنسا لە قسەکانیدا چەندین جار تیشکی خستە سەر گرنگی جێبەجێکردنی پەیمانەکانی ئەمساڵی بەرلین و داوای کرد بڕیاری گەمارۆی چەک جێبەجێ بکرێت.

ز.ش