له‌ خۆپیشاندانی ئه‌مڕۆی غه‌زه‌ سه‌دان كه‌س بریندار بوون

به‌هۆی ڕووداوه‌كانی ئه‌مڕۆ كه‌ له‌نێوان خۆپیشانده‌رانی فه‌له‌ستین و سه‌ربازانی ئیسرائیل ڕوویاندا، نزیكه‌ی ٤٠٠ كه‌س بریندار بوون.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ كاربه‌ده‌ستانی بواری ته‌ندرووستیی فه‌له‌ستین ڕایانگه‌یاندووه‌، له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی ئه‌مڕۆی نێوان سه‌ربازانی ئیسرائیل و خۆپیشانده‌رانی فه‌له‌ستین ٣٨٦ كه‌س بریندار بوون.

هاوكات سوپای ئیسرائیل ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان بڵاوه‌یان به‌ ١٠ هه‌زار خۆپیشانده‌ر كردووه‌ كه‌ ویستوویانه‌ سنووری هه‌ردوو وه‌ڵات ببڕن. به‌ گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوی سوپای ئیسرائیل خۆپیشانده‌ران تایه‌یان سووتاندووه‌ و به‌ به‌رد هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر سه‌ربازانی ئیسرائیل.

له‌ خۆپیشاندانه‌كانی كۆتایی مانگی ئادار كه‌ به‌ ناوی «مافی گه‌ڕانه‌وه‌» و «ڕێپێوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌وره‌» ده‌ستیان پێكرد تا ئێستا، ١٢٠ هاوڵاتیی فه‌له‌ستینی ژیانیان له‌ده‌ستداوه‌. له‌ ١٤ی ئایار ساڵیادی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ڕۆژی گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ قودس، له‌و خۆپیشاندانانه‌ی كه‌ ٢ ڕۆژ به‌رده‌وام بوون، ٦٠ هاوڵاتیی فه‌له‌ستینی ژیانیان له‌ده‌ستدا.

s.m