لە ئیتاڵیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٥٠ کەس بە کۆرۆنا گیانی

ڕێکخراوەی تەندروستی جیهان ڕایگەیاند، لە ئێستادا ئەوروپا ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە. لە ئیتالیاش لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٥٠ کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا.

تیدرۆس ئەدهانۆم غیبریێسوس بەرێوەبەری گشتی ڕیکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەوروپا تووشی کۆرۆنا دەبن لە ژمارەی ئەو کەسانەی لە چین تووشی کۆرۆنا دەبن زیاترە لە ئێستادا و وتی، "لە ئێستادا ئەوروپا ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە."

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ڕایگەیاند، دیار نییە کەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگاتە لوتکە.

ماریا ڤان کیرخۆڤ بەرپرس لە ڕێکخراوەکە وتی، "پێشبینیناکرێت کەی ڤایرۆسەکە دەگاتە لوتکە وئەو بابەتە پەیوەندی بە هەڵوێستی ئەو وڵاتانەوە هەیە کە لە یەکەم حاڵەتدا چۆن مامەڵەیان لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا کردووە."

لە ئیتاڵیاش لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە. بە گشتی لە ئیتاڵیا ١٢٦٦ کەس گیانیان لەدەستداوە. ١٧ هەزار و ٦٠٠ کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

ئۆلیڤێر ڤیران وەزیری تەندروستی فەڕەنساش ڕایگەیاند، لە وڵاتەکەی ٣ هەزار و ٦٦٦ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون. تا ئێستا ٧٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و وتی، "زۆر بە خێرایی لە فەڕەنسا ڤایرۆسەکە بڵاودەبێتەوە."

لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە چین دەرکەوت و لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بڵاوبووەوە و تا ئێستا زیاتر لە ٥ هەزار کەس کوشتووە. ١٤٠ هەزار کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون. لەبەرئەوەی ڕێژەی پشکنینی هاوڵاتیان لە وڵاتەکاندا سنوردارە، پێشبینیدەکرێت، خەڵکێکی زیاتر تووشی ڤایرۆسەکە بووبن.

ف.ق