'لە رووسیا سەدان کەسی ئۆپۆزسیۆن دەستگیرکران'

راگەیاندرا، لە خۆپیشاندانى ئۆپۆزسیۆن لە رووسیادا بە لانیکەمەوە ٨٠٠ کەس دەستگیرکراون.

رێکخراوى (OVD-Info) رایگەیاند، خۆپیشاندانێک لە شاری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا لەسەر بانگەوازی لیۆوبۆڤ سۆبۆل سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن رێکخرا، بەڵام پۆلیس توندوتیژانە دەستێوەردانى لە خۆپیشاندانەکەدا کرد.

بەپێى زانیارییەکان، ٨٠٠ کەس بە پاساوی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە قەدەغەکراوەکەدا دەستگیرکراون.

ئاماژە بەوەش دەکرێت، سۆبۆل کە بانگەوازی بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندانەکە کردبوو، دەستگیرکراوە.

پۆلیسی مۆسکۆ نیوەڕۆى شەممە رایگەیاندبوو، ٣٠ کەس دەستگیرکراوە، بەڵام بەپێ زانیارییەکانى رێکخراوی (OVD-Info) هەر لەو کاتەدا ٦٠٠ کەس دەستگیرکرابوون. دواتریش ژمارەى دەستگیرکراوەکان بۆ زیاتر لە ٨٠٠ کەس بەرزبووەتەوە.

لە خۆپیشاندانى ئۆپۆزسیۆنى رووسیادا داواى هەڵبژاردنى ئازاد و یەکسان دەکرێت.

ژ.ت