ماکرۆن: تورکیا یاریەکی مەترسیدار دەکات

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا ناڕەزایی بەرانبەر شەڕی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە لە لیبیا دەربڕی کە چەتەکانی بەکاردەهێنێت و وتی،"تورکیا لە لیبیا یاریەکی مەترسیدار دەکات.

چەند هەفتە لەمەوبەر کەشتیەکی فەڕەنسا لە دەریای سپی لە لایەن هێزەکانی تورکەوە کرایە ئامانج. دوای هێرشەکە وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا ڕایگەیاند، کەشتیەکەی دەوڵەتی تورک لە ئاستێکی هێرشکاردا جووڵاوەتەوە و داوای لە ناتۆ کرد دەست لە چاوپۆشیکردن لە بەرانبەر کردەوەکانی تورکیا هەڵگرێت.

ماکرۆن هۆشداریدا: تورکیا یاریەکی مەترسیدار دەکات

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ قەیس سەیید سەرۆک کۆماری تونس، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا هوشداریدا تورکیا کە لە ڕێگەی چەتەکانیەوە لە لیبیا شەڕ دەکات.

ماکرۆن وتی، "تورکیا لە لیبیا یاریەکی مەترسیدار دەکات و لەدژی پێشنیازەکانی کۆنفڕانسی بەرلین دەجووڵێتەوە و ڕاشیگەیاند، بۆچوونەکانی لەمبارەیەوە بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش راگەیاندووە.

بۆ هەرێمەکە بە تەواوی مەترسیدارە

ماکرۆن ئاماژەی بەوەدا، شەڕی قێزەونی تورکیا لە لیبیا نە لە بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ و نە لە بەرژەوەندی لیبیادایە و وتی،"لە هەمانکاتدا لەدژی بەرژەوەندی هەرێمەکە و ئەوروپایە."

هەوڵ دەدات لە رێگەی شەڕەوە پێگەیەک بەدەست بهێنێت

ماکرۆن هەروەها ڕۆڵی وڵاتانی تریشی لە شەڕی لیبیادا رەخنە کرد و داوای کرد، دەستوەردانی دەرەکی کۆتایی پێبهێنرێت و وتی، "پێویستە دەستوەردانەکانی وڵاتانی دەرەوە و هەوڵەکان بۆ ئەوەی لە رێگەی شەڕەوە پێگەیەک بەدەست بهێنن کۆتایی پێبهێنرێت.

لە کۆتاییدا ماکرۆن وتیشی، ناتوانرێت لەبارەی دۆخی لیبیایەوە بێدەنگی هەڵبژێردرێت.

ف.ق