ماکرۆن حەوت وڵات لە کۆرسیکا کۆدەکاتەوە: پرسەکە تورکیایە

ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا حەوت وڵات لە باشووری یەکێتی ئەوروپا لە دوورگەی کۆرسیکا کۆدەکاتەوە. کۆبوونەوەکە ڕۆژی پێنج شەمە ئەنجام دەدرێت و پرسی کۆبوونەوەکەش ئەو قەیرانەیە کە تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دروستی کردووە.

کۆبوونەوە گرنگ و نافەرمیەکە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە حەوتەم جارە ئەنجام دەدرێت. بەرپرسانی فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، پورتوگال، یونان، قوبرس و ماڵتا بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن. کۆبوونەوەکەدا یەکەمجار لە فەڕەنسا ئەنجام دەدرێت. ساڵی رابردوو کۆبوونەوەکە لە مالتا ئەنجامدرابوو.

بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆشکی ئێلیزە لە کۆبوونەوەکەدا کە چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت زیاتر باسی کێشەکانی دەریای ناوەڕاست دەکرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەو وڵاتانە کە وەک مەد٧ دەناسرێن، لە پرسی بەرێوەچوونی هەرێمەکە و سەروەریدا بۆ دروستکردنی دینامیکێکی هاوبەشی نوێ خاوەن یەک بۆچوونن."

کۆبوونەوەکەدا وەک ئامادەکاری کۆبوونەوەی کۆنسەری ئەوروپا دەبینرێت کە بڕیارە ٢٤ – ٢٥ی ئەیلول لە بروکسل ئەنجام بدرێت. بابەتی کۆبوونەوەکەی کۆنسەی ئەوروپا لەبارەی تورکیا دەبێت.

لە سەرەتای کۆبوونەوەی مەد٧ دا ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و کیریاکۆس میچۆتاکیس کۆدەبنەوە.

فەڕەنسا بۆ پشتگیریکردن لە یونان دوو کەشتی شەڕ و دوو فڕۆکەی بۆ هەرێمەکە ناردبوو.

ف.ق