نیتانیاهو: ئێران هەڕەشە لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکات

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نیتانیاهو راگەیاندراوی ئێرانی لەبارەی بەرزکردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵسەنگاند و بانگەشەی ئەوەی کرد، کە تاران هەڕەشە لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکات.

ئیدارەی تاران دووشەممەی رابردوو راگەیاندراوێکی بڵاو کردبوەوە و رایگەیاندبوو، رێژەی ٣٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراویان تێپەڕاندووە، کە ئەو رێژەیە ساڵی ٢٠١٥ لە رێککەوتنی ئەتۆمی دیاری کرابوو. دەزانرێت کە ئەوە وەڵامێکە بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە هاوپەیمانییەکە و سەپاندنی سزاکانە بەسەر ئێراندا.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی کرد، کە تێپەڕاندنی رێژەی دیاریکراوی یۆرانیۆم هەڕەشەیەکی ئێرانە و وتی: "ئێران ئەم هەفتەیە رێژەی دیاریکراوی یۆرانیۆمی پیتێندراوی تێپەڕاند و بە شێوەیەکی ئاشکرا رێککەوتننامەی ئەتۆمیی پێشێل کرد." نیتانیاهو وتی: "رژێمی ئێران بە پێشێلکردنی رێکەوتننامەکە دەیەوێت هەڕەشە لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بکات و بەو شێوەیە گوشارەکەی سەر خۆی کەم بکاتەوە".

نیتانیاهو راشیگەیاند، لەدژی هەنگاوی ئەم دواییەی ئێران، پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەی سازش نەکات و گوشارەکانی بۆ سەر ئێران قورستر بکات.

نیتانیاهو دووشەممەش بە راگەیاندراوێک بۆ ئەگەرەکان لە دژی ئیدارەی تاران بانگەوازێکى بڵاوکردبووە. سەرۆکی ئەمریکا دۆنالد ترامپیش، کە بە کشانەوەی لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی رێگەی لەبەردەم قەیران لەگەڵ ئێران کردەوە و هۆشداری دابووە ئێران و گوتبووی: "ئێران یاری بە ئاگر دەکات".

ر.م