نەتەوەیەکگرتووەکان: لە ئەمریکا ١٠٠ هەزار منداڵی ئاوارە دەستبەسەرن

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بووە سەرۆک، سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر کۆچبەران گۆڕا. بە پێی ئامارەکان لە ئەمریکا زیاتر لە ١٠٠ هەزار منداڵ لە زینداندان و لە ناوەندەکانی دیپۆرتکردنەوە دەستبەسەرن.

بە پێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمریکا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە منداڵان تێیایدا زیندانی دەکرێن.

مانفرێد نۆواک بۆ ئاژانسی ئەی ئێف پی ڕایگەیاند، ١٠٣ هەزار منداڵ لە ناوەندەکانی دیپۆرتکردنەوە دەستبەسەرکراون. منداڵەکان ئەو کەسانەن کە بە تەنها و لەگەڵ خێزانەکانیان هەوڵیانداوە خۆیان بگەیەننە ئەمریکا.

دۆناڵد تڕمەپ کە لە کانوونی دووەمی ٢٠١٧ەوە بووە بە سەرۆک، بە هەڵوێستی توندی خۆی دژی کۆچبەران دەناسرێت. دۆناڵد تڕەمپ بریاریدا لە سەر سنوری ئەمریکا و مەکسیک دیوار دروست بکات و ڕایگەیاندبوو، تێچووی دیوارەکە دەکەوێتە ئەستوی حکومەتی مەکسیک. بەڵام مەکسیک ئەو بڕیارەی قبوڵنەکرد و تڕەمپ ڕایگەیاند لەسەر بودجەی وەزارەتی بەرگری (پنتاگۆن) دیوارەکە دروست دەکرێت.

ف.ق