نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات کەشتییەکانی هاوکاریی مرۆیی سزا نەدرێن

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد ئەو کەشتیانەی لە دەریای سپی هەوڵ دەدەن کۆچبەران ڕزگار بکەن ئیدی سزا نەدرێن.

کۆمیسیاریی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئانتۆنیۆ ڤتۆرنۆی رێکخەری گشتی رێکخستنی کۆچی نێوەنەتەوەیی نەتەوە یەکگرتووەکان، راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ڕەخنەیان لە هەڵوێستی ئیتاڵیا و هەندێک وڵاتی ئەوروپایی گرت لەبەرانبەر سزادانی ئەو کەشتییانەی هاوکاری مرۆیی پێشکەش کۆچبەران دەکەن.

لە ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەیاندا هەردوو بەرپرسی نەتەوەیەکگرتووەکان دژایەتی خۆیان ڕاگەیاند لە بەرانبەر ئاستەنگکردن و سزادانی ئەو کەشتییانەی هاریکاریی مرۆیی پێشکەشی کۆچبەران دەکەن و لە ئاوەکان ڕزگاریان دەکەن، بەتایبەت ئەو کۆچبەرانەی کە لە لیبیاوە بە یەخت ڕوو لە ئیتاڵیا دەکەن.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو کەشتییانەی هاریکاری مرۆیی پێشکەش بە کۆچبەران دەکەن، ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە لە ڕزگارکردنی کۆچبەران، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "کەشتییەکانی ڕزگارکردن، بەهۆی ئەوەی کە خەڵکیان لە دەریا ڕزگار کردووە دەبێت سزا نەدرێن".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوا کراوە کە ئەو ٥ هەزار و ٦٠٠ پەنابەرەی لە شارە جیاوازەکانی لیبیا دەستگیر کراون، ئازاد بکرێن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی ٥٠ هەزار پەنابەرانی لە لیبیا داوای پەنابەریان کردووە، یانیش داوای پەنابەرییان پەسەند کراوە. مەزندە دەکرێت کە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە لیبیا چاوەڕوانن بچنە وڵاتە ئەوروپییەکان نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەسن.

ک-ش