هۆزات: تێکۆشانی هاوبەش گارانتی پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنانە

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە لەبارەی ٢٥ی تشرینی دووهەم رۆژی نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان پەیامێکی بڵاو کردەوەو رایگەیاند، ئەرکی سەرەکیمان بەهێزکردنی تێکۆشانی تیمۆکراتیک و هاوبەشە.

بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەرایەتی کەجەکە لەسەرتای قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە دەسەڵاتدارێتی فاشیست، دوژمنی سەرەکی ژنانە و وتی:" فاشیزم خۆی لەسەر بنچێنەی دوژمنایەتیکردنی ژنان و کۆمەڵگاو سروشت بنیاد ناوە. کۆمەڵکوژ و لەناوبەرە. دەستەڵاتداریی ئاکەپە و مەهەپەش قڕکەر و لەناوبەرە. دەستەڵاتداریی ئاکەپەو مەهەپە، دەستەڵاتدارییەکی فاشیستە کە دوژمنی ژنانە و لە هەمان کاتدا دوژمنی هەموو کۆمەڵگایەکە. بە هێرشکردنە سەر نرخ و بەرهەمەکانی کۆمەڵگا، درێژە بە مانەوەی خۆیان دەدەن. لەبەر ئەوەی فاشیزم خۆی لەسەر شەر و توندوتیژی و رشتنی خوێن، بەخێو دەکات."

هۆزات هەروها وتی، ئەم راستییە لە ناو سیاسەتە فاشیزمەکانی دەستەڵاتدارێتی ئاکەپە-مەهەپەدا بە روون و ئاشکرا دەبینرێت، لە ماوەی دەستەڵاتدارێتی ئاکەپە-مەهەپەدا کوشتنی ژنان و توندوتیژی لە دژی ژنان گەیشتووەتە ئاستێکی بێسنوور و بەم شێوەیە دوا:" تێکۆشانی ئازادی ژنان داینەمۆی دیمۆکراتیکی کۆمەڵگا دەخاتە جموجوڵەوە و دەبێتە هەنگاوی یەکەم بۆ بەرخۆدانی کومەڵگا. دەستەڵاتدارێتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە دژی هەموو کەسێکە، بۆیە ئایدۆلوژیی زایەندپارێزی گەش دەکەن و لە دژی ژنان ئاستی شەڕ و توندوتیژی، توندتر و گەورەتر دەکەن."

هۆزات هەورها رایگەیاند بۆ ئەوەی بزانرێت دوژمنایەتی بەرامبەر بە ژنان گەیشتووەتە چ ئاستێک، پێویستە مرۆڤ تەماشای دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی هەدەپە بکات کە بە بەهانەی سیستمی هاوسەرۆکایەتی دەستیان بەسەردا دەگیرێت و وتی: " ژنان بە رەنگ وشێوازی خۆیان بەشداری لە سیاسەتدا دەکەن و سیاسەتێکی دیمۆکراتیک پەیرەو دەکەن. لە کەسایەتی شارەوانییەکاندا، ژیانێکی یەکسان و ئازاد دروست بنیاد دەنێن. دەیانەوێت ئەو ژنانەی بەم رۆڵە هەڵدەستن، لە مەیدانی سیاسەت دووریان بخەنەوە. لە کەسایەتی ئەم جۆرە ژنانەدا، هێرش دەکرێتە سەر سیاسەتی دیمۆکراتیک و ژیانی ئازاد. ئەمە قووڵبوونەوەی سیاسەتی قڕکردنی ژن و کۆمەڵگایە."

'لە دژی دەستەڵاتداریی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە پێویستە تێکۆشانێکی هاوبەش پەیرەو بکرێت'

هۆزات هەروها وتی:"ئەم هێرشە نامەردانەی دژی سیستمی هاوسەرۆکایەتی، هێرشی سەر ژنی ئازاد و هێرشی دژی دەستکەوت و نرخەکانی ژنانە. هاوژیانی ئازاد و نوێنەرایەتییەکی یەکسان و سیستمی هاوسەرۆکایەتی، لە کوردستان و تورکیا دەبنە هۆکاری پێشکەوتنی ئەخلاق و کەلتورێکی دیمۆکراتیک. دەستەڵاتداریی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بە هۆی ترسیان لە نەمانی کەلتوری زایەندپارێزەوە، بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکەنە سەر سیستمی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسان. لە ژنانی ئازاد و کۆمەڵگای ئازاد دەترسن."

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە هەروها رایگەیاند کە هێرشەکانی دەستەڵاتداریی فاشیست، بە واتای هێرشکردنە سەر ژن و کۆمەڵگا دێت و وتی:" بۆیە دەبێت تێکۆشان لە دژی دەستەڵاتداریی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە، تێکۆشانیکی هاوبەش بێت. لە ئێستادا ئەرکە سەرەکییەکە ئەوەیە کە تێکۆشانی هاوبەشی دیمۆکراتیکی ژنان بەهێزتر ببێت. پێویستی بە یەکێتییەکی تێکۆشانی ژنان هەیە. تێکۆشانی هاوبەشی دیمۆکراتیکی ژنان لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بە واتای گەورەترین خۆپاراستنی هەموو ژنان دێت. کاتێک ژنان بە یەکەوە تێکۆشانیان کرد و بە یەکەوە جوڵانەوە، ئەوکات بەهێز دەبن. مەترسییەکانی سەر ژنان، ئەوە ناچار دەکات کە ژنان بەیەکەوە بجوڵێنەوەو بە هاوبەشی تێبکۆشن.

سیستمی هاوسەرۆکایەتی پڕۆژەیەکی هاوژیانی ئازاد و دەستکەوتی هەموو ژنانی کوردستان و تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانە. هەر هێرشێک لە دژی ئەمە ئەنجام بدرێت، هێرشی دژی ئازادی ژنانە. بۆیە پێویستە هەموو ژنان خاوەندارێتی لەم نرخ و دەستکەوتانە بکەن. بێدەنگیی بەرامبەر بەم هێرشانە بە واتای بێدەنگی دێت، بەرامبەر بە نرخەکانی ئازادی کە ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی دەستکەوتەکان. بزوتنەوەی ژنانی کوردستان و بزوتنەوەی ژنانی تورکیا کاتێک تواناکانیان یەکخست و لە دژی هێرشی دەستەڵاتداریی فاشیست تێکۆشانێکی هاوبەشیان کرد، ئەو کات دەتوانن دەستکەوتەکانیان بپارێزن. رێکخستنکردن و تێکۆشانی هاوبەش رێگای گارانتی ژیانێکی یەکسان و ئازادیی ژنانە."

'لە کەسایەتی رۆژئاوادا هێرش دەکرێتە سەر گشت مرۆڤایەتی'

هۆزات هەروها رایگەیاند کە رۆژئاوای کوردستان ٧ ساڵە بە سیستمێکی دیمۆکراتیک بەرێوە دەچێت کە سەرچاوەکەی لە نوێنەرایەتی یەکسان لە دەرەوەی سیستمی دەوڵەت و دەستەڵاتدارییەوە وەردەگرێت و وتی:" ئەو نرخە مرۆڤایەتییانە کە لە کەسایەتی ژنانی ئازادەوە سەرچاوە دەگرێت، لە گەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی رۆژئاوا سەرلەنوێ رووایەوە. هێرشە داگیرکەرییەکان لە دژی رۆژئاواو دژی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، هێرشی دژی نرخەکانی مرۆڤایەتی و دژی هیواو ئاواتی ژیانێکی ئازادە. هێرشی دژی رۆژئاوا، بە واتای هێرشکردنەسەر گشت مرۆڤایەتییە. بۆیە مرۆڤایەتی بۆ گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەڵسایە سەر پێ. دەوڵەتی تورکی فاشیست دوژمنی ژنانە، دوژمنی کوردە و دوژمنی مرۆڤایەتییە. وەک چۆن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ژن و گەلی کورد، لە ئافراندنی نرخەکانی مرۆڤایەتیدا خاوەن رۆڵێکی سەرەکی بوون، لە ئێستاشدا هەمان رۆڵ دەگێرن. شۆڕشی رۆژئاواو باکور و رۆژهەڵاتی سوریا سەلمێنەری ئەم راستییەیە."

هۆزات تیشکی خستە سەر ئەوەی کە گەلانی جیهان و مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی بەهێز خاوەندارێتی لەم سیستمە دەکەن و ئەمەش دەبێتە هۆکاری دروستبوونی دڵخۆشییەکی گەورە و وتی:" بە یەکبوونی ژنان و بە کۆبوونەوە لە دەوری نرخە گەردوونییەکانی ژنان و بە بەرخۆدانێکی جەوهەری، پێشوازی لە ٢٥ی تشرینی دووهەم، رۆژی نەهێشتنی توندوتیژی لە دژی ژنان دەکەین. چونکە ئەو هێزەمان هەیە کە تێکۆشانمان بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەردەوام بکەین و جیهانێکی بێ شەڕ و بێ توندوتیژی بئافرێنین."

ز.ش