هۆڵندا ٢ کارمەندی باڵیۆزخانەى ئێرانى دەرکرد

حکومەتى هۆڵندا ٢ کارمەندى باڵیۆزخانەى ئێرانى لە وڵاتەکەى دەرکرد.

هۆڵبێرت بریدەمەیر وتەبێژی دەزگاى ئاسایش و زانیاریى هۆڵندا رایگەیاندووە، دەرکردنى ٢ کارمەندى باڵیۆزخانەى ئێران لە ئامستردامى پایتەختى هۆڵندا پشتڕاست دەکەنەوە، بەڵام ناتوانن زانیاریى زیاتر لەو بارەیەوە بڵاوبکەنەوە.

بەپێى میدیاکانى هۆڵندا، زیاتر لە مانگێک دەبێت ئەو ٢ کارمەندەى باڵیۆزخانەى ئێران لە هۆڵندا دەرکراون. رادیۆ و تەلەفزیۆنى هۆڵندا  بڵاویانکردووەتەوە، رۆژی ٧ى حوزەیران / ١٧ی جۆزەردان ئەو کەسانە لە هۆڵندا دەرکراون.

عەلی رەزا جەهانگیری باڵیۆزى ئێرانە لە هۆڵندا و باڵیۆزخانەکە جگە لە ئەو باڵیۆزە ١١ کارمەندى تری هەیە. تا ئێستا دیار نییە ئەو ٢ کەسە دەرکراوە کام یەک لەو ١١ کارمەندەى باڵێوزخانەى ئێرانن لە هۆڵندا. تا ئێستا وەزارەتى دەرەوەى هۆڵندا لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێکى نەداوە و هیچ راگەیاندراوێکى بڵاونەکردووەتەوە.

دەرکردنى ئەو ٢ کارمەندەى باڵیوزخانەى ئێران لە هۆڵندا لە دواى ئەوە روویدا، کە چەند کەسێکى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى لە هۆڵندا تیرۆرکران. بەپێى راپۆرتێکى تەلەفزیۆنى هۆڵندا رۆژی ٨ى تشرینى دووەمی ٢٠١٧ / ١٧ی خەزەڵوەر ئەحمەد  ئەبوو ناهز ناسراو بە ئەحمەد نیسی و دامەزرێنەرى بزووتنەوەى ئازادیخوازى ئەحواز لە ماڵەکەى خۆیدا لە شارى لاهای تیرۆرکرا.

هەروەها رۆژی ١٥ى کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ / ٢٤ى سەرماوەز، کەسێک لە ناوى عەلی موعتەمەد لە شاری ئالمیرەى هۆڵندا لەلایەن کەسانێکەوە لە نزیکەوە تەقەى لێکرا و دواتر لە نەخۆشخانە گیانى لە دەستدا.

لە مانگى جۆزەردانى ئەمساڵیشدا دانیشتنى دادگایکردنى ٢ کەس بە تۆمەتى کوشتنى عەلی موعتەمەد بەڕێوەچوو. بەپێى میدیاکانى هۆڵندا عەلی موعتەمەد، بە ئەگەری زۆر هەمان رەزا کولاهی سەمەدی-ییە کە ٢٨ى حوزەیرانی ١٩٨١ / ٧ى پووشپەڕ بیناى حیزبى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانى لە تاران تەقاندووەتەوە و بەو هۆیەوە زیاتر لە ٧٢ بەرپرس و ئەندامى ئەو حیزبە کوژران.

هەفتەى رابردووش لە بەلجیکا ٢ کەسى ئێرانى بە تۆمەتى هەوڵدان بۆ هێرشکردنە سەر کۆبوونەوەیەکى موجاهیدینى خەڵق دەستگیرکران. ئەو ٢ کەسە ٥٠٠ گرام (نیوکیلۆ) ماددەی تەقەمەنى لە ئۆتۆمبێلەکەیاندا بووە و دواتر دانیان بەوەدا ناوە، کە هەوڵیانداوە تەقینەوە لەو کۆبوونەوەیەدا ئەنجام بدەن.

لە دواى لێکۆڵینەوە لەو هەوڵە تیرۆرکارییە، لە چەند رۆژی رابردوودا حکومەتى ئەڵمانیا دیپلۆماتکارێکى ئێرانیى باڵیوزخانەى ئێران لە نەمسا، کە بەسەردان چوو بوو بۆ ئەڵمانیا دەستگیرکرد. نەمساش لەسەر ئەو رووداوە ٤٨ کاتژمێر مۆڵەتى بە حکومەتى ئێران دابوو، کە دیپلۆماتەکەیان لە نەمسا بکشێننەوە.

هەر لەسەر ئەو هەوڵە تێرۆرکارییە لە فەرەنساش چەند کەسێکى سەر بە ئێران دەستگیرکران.

ر.م