هەدەکەى ئەڵمانیا: لەسەر شەقامەکان سیاسەتى دووڕوویى ئەڵمانیا و ئەردۆغان ئیدانە دەکەین

کۆنگرەى دیموکراتیکى گەلان لە ئەڵمانیا (HDK-A) داوایکرد لە کاتى سەردانەکەى ئەردۆغاندا هەموان بەشداریى چالاکییەکانى رۆژانی ٢٨-٢٩ی ئەیلول ببن بۆ ئیدانەکردنى ئەردۆغان.

هەدەکەی ئەڵمانیا لەبارەى سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "لە بەرلین پێشوازیکردن لە ئەردۆغان لەسەر فەڕشی سوور، سوکایەتیکردنە بە هەموو هێزە دیموکراتیکەکان".

هەدەکە ئەوروپا لە راگەیاندراوەکەیدا داوایکردووە، پێویستە هەموان لە رۆژی ٢٨ی ئەیلول لە بەرلین ور ۆژی ٢٩ی ئەیلول لە کۆلن بڕژێنە سەر شەقام و کۆڵانەکان و سیاسەتى دووڕوویى ئەڵمانیا بەرامبەر بە تورکیا ئیدانە بکەن.

لەبارەى سیاسەتى دووڕوویى ئەڵمانیاوە نووسیویانە "ئێوە هاوکات ناتوانن بە مەراسیمى فەرمی پێشوازی لە ئەردۆغان بکەن و پشتیوانیش لە ئۆپۆزسیۆنى دیموکراتیکى تورکیا بکەن. پشتیوانیى راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئێوە لە رژێمى ئەردۆغان دەبێتە گوشار و زۆرداری و چەوسانەوەی گەلانى تورکیا".

هەدەکەی ئەڵمانیا داواى لە حکومەتەکەى مێرکل کردووە سیاسەتى ئاشتییانە گەشە پێبدات و لەبارەیەوە رایگەیاندووە "دەبێت دەستبەجێ فرۆشتنى چەک بە تورکیا رابگیرێت و گرێبەستە سەربازییەکانى نێوان ئەڵمانیا و تورکیا هەڵبوەشێنرێنەوە. ئەگەر ئێوە دەتانەوێت پەنابەری زیاتر نەیت بۆ ئەوروپا، دەبێت پێش هەموو شتێک چاو بە پەیوەندییەکانتان لەگەڵ تورکیادا بخشێننەوە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی قەیران و گەورەترکردنى قەیرانەکان".

لە کۆتایى راگەیاندراوەکەی هەدەکەى ئەڵمانیادا هاتووە، رۆژانی ٢٨-٢٩ی ئەیلولی ٢٠١٨ بۆ ئیدانەکردنى ئەردۆغان لە ئەڵمانیا، لەگەڵ "رێکخستنە دۆستەکان"دا دەڕژێنە سەر شەقامەکان و "ئێمە پیکەوە تێکۆشان گەش دەکەین، ئێمە شەقامەکانى ئەڵمانیا لە ئەردۆغان تەنگ دەکەین".

ر.م