پەرلەمانتارانى ئەوروپا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست پشتیوانیان بۆ گیوڤەن راگەیاند

پەرلەمانتارانى ئەوروپا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست راگەیاندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە و پشتیگریى خۆیان بۆ لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە خستەڕوو.

پەرلەمانتارانى ئەوروپا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست پشتیوانییان لە لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتارى جۆلەمێرگی هەدەپە کرد، کە ماوەی ٦٤ رۆژە بۆ نەهێشتنى گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئازادیى لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردایە.

١٧ پەرلەمانتاری لە ١١ وڵات و لایەنى سیاسیی جۆراجۆرەوە راگەیاندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە و سەرنجیان خستە سەر دۆخی گیوڤەن، کە تاوەکو دەچێت دۆخی بەرەو خراپی دەڕوات.

بەپێى هەواڵی رۆژنامەى کارنجا لە راگەیاندراوەکەدا هەڵوەستە لەسەر داواکانى لەیلا گیوڤةن کراوە و ئەو ١٧ پەرلەمانتارە رایانگەیاندوە، لە رۆژی ١١ی ئەیلولی ٢٠١٦ / ٢١ی خەرمانانەوە هیچ هەواڵێک لەبارەى دۆخی تەندروستیى ئۆجالان لە بەردەستدا نییە، نە لە رێگەى تەلەفونەوە، لە نە لە رێگەى دانیشتن و چاوپێکەوتنى راستەوخۆەوە و نە لە رێگەى نامەى ئیلکترۆنیکەوە هیچ گفتوگۆ و دانوستان و قسەیەکى لەگەڵ نەکراوە.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "ئێمە پەیامەکەى لەیلا گیوڤەن دەبیستین" و داوایان لە دەسەڵاتدارانى ئەنقەرە کرد، کەبەپێى یاساکانى خۆی بجوڵێتەوە و بەخێرایى و دەستوبرد گیوڤەن ئازاد بکات.

لە راگەیاندراوە هاوبەشەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە "تاکە رێگاى چارەسەریى کێشەى کورد، دانوستانی ئاشتییانە و دیموکراتیکە، نەک گۆشەگیری و زیندانیکردن".

ناوی پەرلەمانتارانى چەپی یەکگرتووی ئەوروپا و سەوزەکانى باکوور (GUE/NGL) کە راگەیاندراوەکەیان واژۆکردووە بریتین لە:

١ - مارتینا ئاندێرسۆن (شین فین - ئیرلەندا)، ٢ - لین بۆیلان (شین فین - ئیرلەندا)، ٣ - مات کارسی (شین فین - ئیرلەندا)، ٤ - تاکیس هادج جۆرجیۆ (حیزبی پێشڕەوی کرێکاران  AKEL - قوبرس)، ٥ - کۆستادینکا کونیڤا (سێریزا - یونان)، ٦ - لیدەن ریادا (شین فین - ئیرلەندا)، ٧ - دیمیتریس پاپادیمۆلیس (سێریزا - یونان)، ٨ - پالۆما لۆپێز (یەکێتیى چەپ İU - ئیسپانیا)، ٩ - سابینە لوسینگ (حیزبی چەپ Die Linke - ئەڵمانیا)، ١٠ - لیدیا سەنرا (سەربەخۆ - گالیسیا)، ١١ - نیۆکلیس سیلکیۆتیس (حیزبی پێشڕەوی کرێکاران AKEL - قوبرس)، ١٢ - ئانجیلا ڤالینا (یەکێتیى چەپ İU - ئیسپانیا)، ١٣ - میگۆئیل ڤیگاس (حیزبی کۆمۆنیستى پورتوگال PCP - پورتوگال)، ١٤ -  رائید فەهمی (سکرتێری گشتیى حیزبی شیوعیی عێراق)، ١٥ - عەقیل تاقز (پارتى گەلی فەلەستین)، ١٦ - ئایدا تۆوما (حیزبی کۆمۆنیستی ئیسرائیل)، ١٧ - نزار ترابلوسی (حیزبی کۆمۆنیستى یەکگرتووی سوریا).

ر.م