پەرلەمانتارێکى ئەڵمانیا: پۆلیسەکانی ئەڵمانیا کار بۆ ئەردۆغان دەکەن

پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانی ئولا یەلپکە ناڕەزایەتی خۆی نیشاندا لەبەرامبەر هێرشی پۆلیسی ئەڵمانیا بۆ سەر ڕێکخراوە کوردیەکان و وتی "ئەم هێرشانە جگە لە پشتگیری بۆ کەمپەینی هەڵبژاردنی ئەردۆغان، هیچ مانایەکی تری نییە".

کاتژمێر ٥:٣٠ ی سەرلەبەیانی دوێنێ، پۆلیسی ئەڵمانیا، وەک پۆلیسی تورکیا هێرشیان کردە سەر کۆمەڵەی ناوەندی کۆمەڵگای دیموکراتی کورد لە ئەڵمانیا (ناڤدەم ؛ NAV-DEM) و نووسینگەی کۆمەڵگای ئازاد.

پۆلیسی ئەڵمانیا، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرانی ناڤدەم و دەرگای ماڵەکەیان شکاند و دەستیان گەڕان و پشکنین کرد. پۆلیسی ئەڵمانیا بۆ ئەو هەڵکوتانەی بە بیانووی ئەنجامدانی خۆپیشاندانێک لە ٣ ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ / ١٢ى سەرماوەزدا ئەنجامدا، کە بڕیاربوو ئەو خۆپیشاندانە بۆ عەفرین ئەنجام بدرێت، بەڵام خۆپیشاندانەکە ئەنجام نەدرا. پۆلیسی ئەڵمانیا پاش گەڕان و پشکنینی ماڵی بەڕێوەبەری ناڤدەمدا هیچیان دەست نەکەوت و دەستیان بەسەر کۆمپیوتەرەکانی ماڵەکەدا و بەڕێوەبەرانى ناڤدەمدا گرت.

'هێرش کرایە سەر دەنگدەرانی هەدەپە-ش'

ئولا یەلپکە ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا لە پارتی چەپی ئەو وڵاتە، دەربارەی هێرشی هێزەکانی پۆلیسی ئەڵمانیا بۆ رێکخراوە کوردییەکان رایگەیاند، پشتیوانى لە ڕێکخراوە کوردیەکان دەکات.

یەلپکە وتەبێژی کاروباری ناوخۆی پارتی چەپی ئەڵمانیایە و ناڕەزایەتی خۆی دژ بەو هێرشانە نیشاندا و وتی "هێرش بۆ سەر ڕێکخراوە کوردییەکان، جگە لە پشتیوانی کەمپەینی هەڵبژاردنی ئەردۆغان، هیچ مانایەکی تری نییە. ئەندامانی ناڤدەم ماوەیەکی زۆرە لە گەڕەک و شەقامەکاندا کارو خەبات بۆ هەڵبژاردنى هەدەپە ئەنجام دەدەن و هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن، کە بە ئاسانی دەنگدان لە کونسوڵخانەی تورک بەڕێوەبچێت".

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئەڵمانیا جەختی کردەوە لەوەی کە "هەڵکوتانە سەر ماڵان، هەوڵێکە بۆ ئەوەی  پێش بگیرێت لە هێزی ئۆپۆزسیۆن لە هەمبەر ئەردۆغاندا. ترسی هەرە گەورەی ئەردۆغان ئەوەیە، کە پارتە چەپ و ئۆپۆزسیۆنەکان ببنە یەک و تێبکۆشن. هەر ئەو ترسەشە، کە ئەردۆغان لە تشرینى دووەمی ٢٠١٦ەوە پاڵێوراوی هەدەپە بۆ سەرۆک کۆماریی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زینداندا راگرتووە".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئولا یەلپکە دەستنیشانیشی کرد کە هێرشی دادوەر و پۆلیسی بەرلین لە دژی ڕێکخراوە کوردییەکان دەبێت لە چوارچێوەی کەمپەینی ڕژێمی ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنەکاندا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و بانگەوازی کرد کە "دەبێت بە خێرایى کۆتایی بەو پشتیوانییانەی ڕژێمی ئەردۆغان بهێنرێت، کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەکرێن".

ئاردل: دیارییەک پێشکەش بە هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە کرا

نوێنەری ڕێکخراوە کوردیەکان لە بەرلین دەربارەی هێرشەکان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات 'ANF' دوان. هاوسەرۆکی ناڤدەم لە بەرلین یەکۆ ئاردل وتی "هەرکاتێک پۆلیس بیەوێت دەتوانن خۆیان بگەیەننە ئێمە و ئامادەین دەرگای ڕێکخراوەکەمان بخەینە سەر پشت بۆیان، بەڵام بەداخەوە، سەرەڕای ئەوانەش هێزەکانی پۆلیسی ئەڵمانیا هەڵیانکوتایە سەر بارەگای ڕێکخراوەکەمان و دەرگا و پەنجەرەی بارەگای ڕێکخراوەکەمانیان شکاند".

ئاردڵ ئاماژەی بە دیمەنی تاڵانکردنی کۆمەڵەکەیان کرد لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە و وتی "ئەم هێرشە دیارییەک بوو بۆ هاوپەیمانیی ئاکەپە - مەهەپەی فاشیست. لە چوارچێوەی یاساکانی ئەڵمانیادا، ئێمە هەتا دواین مافی خۆمان بپارێزین".

هاووتەبێژی هەدەکە - بەرلین ڕەزان ئاکسۆی جەختی لەوە کردەوە، کە پۆلیسی ئەڵمانیا وەک پۆلیسی تورکیا هێرشیان کردووەتە سەریان و وتی "لە تورکیا دەسەڵاتدارێتیی ئەردۆغان دەهەژێت، بەڵام هەوڵ دەدەن، کە بە دەستی حکومەتی ئەڵمانیا ئێمە چاوترسێن بکەن".

ئاکسۆی وتیشی "ئێمە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بە باشی خەبات دەکەین و بەو خەباتەشمان بەرپەرچی ئەو هێرشانە دەدەینەوە".

ر.م