چین، ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ١٠٠کەسی تێپەڕاند

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین ١٠٠کەسی تێپەڕاند و ڤایرۆسەکە بەپەلە بڵاو دەبێتەوە تەنانەت بۆ دەرەوەی وڵاتیش، حکومەتی چینیش داوای لە هاوڵاتیانی کرد وڵات جێنەهێڵن.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوو سەرەتا لە ناوەندی شاری وهان-ی چین پەیدابوو، تا ئێستا پشتڕاست نەکرابووەوە کە ئەم ڤایرۆسە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوازرێتەوە.

بۆ جاری یەکەم لە یابان و ئەڵمانیا پشتڕاستکرایەوە کە ئەم نەخۆشیە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە دەگوازرێتەوە، بۆیە چەندین وڵات ئامادەکاری تەواویان کرد بۆ پێشگرتن لەم ڤایرۆسەو پاراستنی هاوڵاتیانیان.

شی جینپینگ سەرۆک کۆماری چین ڕایگەیاند: ئێمە ڕێگە نادەین ئیبلیس خۆی بشارێتەوە.

پێشتر لە ساڵی ٢٠٠٠ بەهۆی شاردنەوەی ڤایرۆسی سراس لەلایەن دەسەلاتدارانی چینەوە، بوبووە هۆی مردنی بە سەدان کەس.

بەپێی ئاماری فەرمی لە چین، تا ئێستا ١٠٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی تووشبوان بەم ڤایرۆسەش لە سەرووی ٤ هەزارو ٥٠٠ نەخۆشە.

ڤایرۆسەکە پەرەی سەندووە بۆ دەرەوەی چینیش بۆ هەریەک لە ئاسیا، ئوسترالیا ئەوروپا و باکوری ئەمریکا، بۆ نزیکەی ١٢ وڵاتی جیهان، کە سەرجەمیان ٥٠ حاڵەتی تووشبو بەم ڤایرۆسە تۆمار کراوە.

بەڕێوەبەرانی چین بانگەوازییان لە هاوڵاتیانی خۆیان کردووە، ئەگەر زۆر پێویست نەبێت سەفەری دەرەوەی وڵات نەکەن، پێشتریش کۆمەڵەی گەشتیاری ڕاوەستێنرابوو.