"ڕژێمی نوێ بە گوێرەی سیستمی ئیمرالی دروست کراوە"

یەکێک لە پارێزەرەکانی ئۆجالان ڕەزان ساریجا ڕایگەیاند، ئەوانەی چەندین ساڵە لە ئیمراڵی گۆشەگیریی دەسەپێنن و سیستم لە ئیمرالی بە ڕێوەدەبەن، ئەو هێزەن کە ئێستا ڕژێمی نوێیان لە تورکیا دروست کردووە.

پارێزەری کۆمەڵەى مافەکانى سەدە ڕەزان ساریجا، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا. ڕەزان ساریجا لە لیدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ڕژێمە نوێیەی لە تورکیا دروستکراوە، لەبەر سیستمی ئیمرالی پێکهاتووە و بڕیاری نوێ و قورسیان لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داوە.

ساریجا بە بیری هێنایەوە، پێشتر بڕیاری قەدەغەکردنی دیداری ئۆجالان لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانیدا درابوو، ئێستا ئەو بڕیارەی پێشوو جێبەجێ دەکەن، ڕوونیشیکردەوە "کاتی خۆی لە ساڵەکانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٩ دا بڕیاری قەدەغەی دیدار و سەردانی ئیمرالی درابوو. ئێستا ئەوان دێن و ئەو بڕیارەی ئەوکات جێبەجێ دەکەن. سزای ئەوکات دێنن و وەک بیانوویەک بەکاری دەهێنن. ئەوەش دوو جار پێشێلکردنی یاسایە".

سیستمی ئیمرالی هەمیشە بەڕێوەبەرێتییەکی تووندوتیژ و نائاسایی هەیە

پارێزەر ڕەزان ساریجا جەختی لەوەش کردەوە، قەدەغەی دیدار و سەردانی بنەماڵە و پارێزەرەکانی ئۆجالان، هەرچۆنێک بێت دەتوانرێت بە یاسا بسەپێنرێت و وتیشی "قەدەغەی سەر ئیمرالی لە ماوەی ڕابردوودا بە بیانووی باری نائاساییەوە دەسەپێندرا. پاشان هەوڵیان دا بەپێى بڕیارەکانى بارى نائاسایى و یاساییەکانی تر، بەردەوامیی بەو قەدەغەیە بدەن. ئەوانەش بۆ ئەوەیە قەدەغەی سەر ئیمرالی بەردەوامیی پێ بدەن. هەموو بڕیارەکانى بارى نائاسایى خراونە ناو یاسا و کراون بە یاسا".

ساریجا دەستنیشانیشی کرد، بارودۆخی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئەو کردەوانەی کە بەرامبەری ئەنجامیان داوە، لە پێش باری نائاسایی و دوای باری نائاسایی جیاوازیان نییە و وتیشی "لە ئیمرالی بەڕێوەبەریی تووندوتیژ هەیە کە لە هەرێمی قەدەغەکراوی سەربازیی و باری نائاسایی سەختترە. ئەوەش هەمیشە هەیە".

ساریجا باسی لەوەش کرد کە ئەوان لە ئێستادا دۆسیەی ئیمرالیان خستووەتە بەردەم دادگای دەستووری و بنەڕەتی و ڕایگەیاند "یاسا کە شایستەی شکۆی مرۆڤ بێت، لایەنگیری دیموکراسییە و مافەکانی مرۆڤ دەچەسپێنێت، بەهیچ شێوەیەکیش ناتوانرێت سیستم لە ئیمرالی روون بکەنەوە، کە بەپێى چ یاسایەک ئەو سیستمەیان دروستکردووە. بەڵام کردار و بڕیارەکان لە ئێستا بەدواوە جیاوازە، چونکە سەردەمەکە ئەوە نییە کە ڕژێمێکی دەستووریی بنەڕەتیی هەبێت و دیموکراتی بێت".

ئەوانەی ئێستا خاوەن سیستمن، دروستکەری سیستمی ئیمرالین

پارێزەری ئۆجالان ڕەزان ساریجا ئاماژەی بە ڕژێمی نوێ کرد، کە لە تورکیا دروست کراوە و وتی "بە قۆناغێکی پلان بۆ داڕێژراو گۆڕانی بنەڕەتییان ئەنجام دا. ئەو عەقڵییەتەی کە رێگاى دا دادگای دەستووری بنەڕەتیی لەبەرامبەر ئەمەدا بێدەنگ ببێت و بەشداری ناو ئەم پرۆسەیە بێت، هەمان عەقڵیەتی ڕژێمی نوێیە کە پشت بە فشار و زۆرداریی دەبەستێت. ئەوانەی کە چەندین ساڵە ئیمرالی بەڕێوەدەبەن، ئەوانەن کە ئێستا ڕژێمی نوێیان دروست کردووە".

سیستمی نوێ لەبەر گۆشەگیریی سەر ئیمرالی دروست بووە

ساریجا بە بیری هێنایەوە، ئەوان هەمیشە دەیانوت 'هەوڵ دەدرێت سیستمی ئیمرالی بەسەر سەرانسەری وڵاتدا بسەپێنن' و وتیشی "دەسەڵاتداریی دەیویست کۆمەڵگایەکی بێدەنگ و تێکشکاو دروست بکات، لە سیستمی ئیمرالی سوودی وەرگرت. ئەنجامدانی هەر کردەوەیەک لە ئیمرالی، پەیوەندیی بە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگاوە هەبوو. ئەو ئاستەنگیی و قەدەغەیە کە لە ئیمرالی دەستیانپێکرد گواستییانەوە بۆ سەر هەموو زیندانییەکان و بە بڵاوکردنەوەی گۆشەگیریی، بەردەوامییان بە مانەوەی ئاستەنگی دا".

بەڕێز ئۆجالان دەستوورێکی بنەڕەتیی دیموکراتیانەی خستە بەردەمی ئێمە

پارێزەری کۆمەڵەى مافەکانی سەدە ڕەزان ساریجا ئاماژەی بەوەش کرد، بە گۆشەگیریی پەیوەندیی ئۆجالان بە کۆمەڵگا و تەواوی جیهانەوە دەپچڕێنن و وتیشی "بەڕێز ئۆجالان دەستوورێکی بنەڕەتیی دیموکراتیکییانەی خستبوویە بەردەم ئێمە. ماوەیەکی کەم مابوو بۆئەوەی ئەو دەستوورە بنەڕەتییە دیموکراتییە ئامادە بکرێت، ئەو دەستوور و یاسا بنەڕەتییە دروست بکرایە و بخرایەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ژیانی ئازادانەی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا و بۆ بە دیموکراسیکردن دەبوویە بنەما. بەڵام ئێمە ئەمڕۆ کەوتووینەتە ناو قۆناغێکەوە کە تەمسیلی دیموکراتی لەناو براوە. سیستمێکی فشار و زۆرداری و تووندوتیژ هاتووەتە ئاراوە کە ئێمە تەنانەت ناتوانین ناوی دیکتاتۆریی 'ئۆتۆکراسی' (دەسەڵاتى تاکە کەسی)یشی لێ بنێین و لە لایەنی یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە کۆنترۆڵ ناکرێت”.

ساریجا دەستنیشانیشی کرد، ئەوەی ئەم بارودۆخە دەگۆڕێت و تورکیا بە دیموکراتی دەکات، خاوەنداریکردنی گەل، کۆمەڵگا و هەموو هێزە دیموکراتیخوازەکانە لە بەرخۆدانی داستان ئامێزی ئۆجالان.

ر.م