ڕێکخراوە جیهانیەکان داوا لە پارتی دەکەن زوبێر برادۆستی ئازاد بکا

ڕێکخراوە جیهانیەکان داوا لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن زوبێر برادۆستی ڕۆژنامەوانی ڕۆژنیوز ئازاد بکەن.

پاش ئەوەی کە ژمارەیەک ڕێکخراو لە ناویاندا ڕێکخراوی ۱۷ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕێکخراوه جیهانیەکانی لە دەستگیرکردنی زوبێر برادۆستی ڕۆژنامەوانی ڕۆژنیوز ئاگادارکردەوە، کەمێک لەمەوبەر ڕێکخراوی سی پی جەی نێودەڵەتی ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی دەستگیرکردن و شوێنبزرکردنی ناوبراو بڵاوکردەوە و تیایدا داوای لەهێزە ئەمنییەکانی پارتی کردووە  دەستبەجێ ئەو ڕۆژنامەنوسە ئازاد بکەن.

لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی ۱۷ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ و سۆران حسێن ئیدیتەری ڕۆژنیوز دەستگیرکردنی زوبێر برادۆستی پەیوەندی بەو ڕاپۆرتانەوە بووە کە لەسەر بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بڵاویکردوونەوە لە ئاژانسی ڕۆژنیوزی نزیک لە پەکەکە

ئەم ڕێکخراوە جیهانیە ئاماژەی بەوەشکردووە، زوبێر برادۆستی لەلایەن هێزێکی ئەمنی سەر بە پارتی دیموکڕاتی کوردستان بەناوی هێزی هەڵگورد دەستگیرکراوەو تاکو ئێستا ڕێگە بەکەسوکارەکەی نادرێت بیبینن و تەنانەت لەڕۆژی دەستگیرکردنەیەوە تاکو ئێستا نەبراوەتە دادگا.
هاوکات، بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقای ڕێکخراوی سی پی جەی ڕایگەیاندووە، دەستگیرکردنی ڕۆنامەنوس بەبێ هیچ هۆکارێک دەچێتە چوارچێوەی هەڵسوکەوتی دیکتاتۆرانە لەکاتێکدا بەرپرسانی کورد خۆیان بە دیموکڕاسی پێناسە دەکەن.


ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوە جیهانیەکە داواشی لە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە دەستبەجێ زوبێر برادۆستی ئازادبکرێ یان چارەنوسی ئەو ڕۆژنامەنوسە دیاریبکرێت و ببرێتە بەردەم دادگا.
ڕێکخراوە جیهانیەکە لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی بە دیندار زێباری کردووە بەڵام تا ئێستا بە لێدوانێکی فەرمی وەڵامی نەبووە لەسەر دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنوسە.
هەر لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە، زوبێر برادۆستی ڕۆژی۱۷ی ئاداری ئەمساڵیش لەلایەن هێزەئەمنییەکانی پارتیەوە بۆ چەند ڕۆژێک دەستگیرکراو دواتر بەکەفالەت ئازاد کرا.

 

هـ.هـ