ژوورە تاکەکەسیەکەی ماندێلا بۆ شەوێک دەفرۆشرێت

بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی مادی بۆ بەرنامەی هاوکاریی زیندانیان لە باشووری ئەفەریقا، ژوورە تاکەکەسیەکەی سەرۆکە مێژووییەکەی ئەو وڵاتە نیلسۆن ماندێلا، بۆ شەوێک دەفرۆشرێت.

 

بزوتنەوەی 'سی ئی ئۆ سلیپۆ' ژووری تاکەکەسیی ماندێلا کە لە دژی ڕژێمی ئەپارتاید شەڕی دەکرد، بۆ شەوێک خستە بازاڕی فرۆشتنەوە.

ئەو بزوتنەوەیە ڕایگەیاندووە "ئەوەی زۆرترین بڕە پارە بدات، دەتوانێت بۆ شەوێک لە ژووری تاکەکەسیی ماندێلادا بمێنێتەوە کە ئەو ١٧ ساڵ تێیدا مابوویەوە".

ژوورە تاکەکەسیەکەی ماندێلا لە دورگەی ڕۆبن ئیسلان لە نزیک شاری کاپ-ە. یەکەمین سەرۆک کۆماری ڕەشیقی ئەفەریقای باشوور نیلسۆن ماندێلا لەو ژوورەدا زیندانیی کرابوو. ئەو زیندانە پاشان کەوتە ناو لیستی شوێنەوارە جیهانیەکانی ڕێکخراوی یونسکۆ-وە و ساڵانە ٣٠٠ هەزار کەس سەردانی دەکەن.

بزوتنەوەی 'سی ئی ئۆ سلیپۆ'، پێشتریش بۆ هاوکاری هەژاران، جێگەی سەرنجڕاکیشی بە کرێ داوە بە ملیۆنەرەکان.

ئێستاش ئەو بزوتنەوەیە، لە ١٠٠هەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی نیلسۆن ماندێلادا، ژوورە تاکەکەسیەکەی لە ١٨ ی تەموزدا بۆ شەوێک دەفرۆشیت. نرخی سەرەتای ئەو شەوەی ژوورە تاکەکەسیەکەی ماندێلا دوو سەد و پەنجا هەزار دۆلار دەبێت. بەڵام ئەو نرخە لە مەزادی ئۆنلایندا لەسەر ئینتەرنێت زیاد دەکات. بزوتنەوەکە ڕایگەیاند کە هەندێک کەس ٣٠٠ هەزار دۆلاریشیان داوە، بەڵام ئەوان نرخی کۆتایی لە ڕۆژی ١٦ی تەموزدا ئاشکرا دەکەن.

 بزوتنەوەی 'سی ئی ئۆ سلیپۆ' ئاشکراشی کرد کە داهاتی ئەو چالاکیە بۆ پەروەردەی زیندانیانی ئەفەریقای باشوور بەکاردەهێنرێت.

وەقفی نیلسۆن ماندێلا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرەنسیی 'ئەی ئێف پی' ڕایانگەیاندووە کە ئەوان پەیوەندیان بەو شتەوە نیە و ئەوان نابنە بەرپرسیاری بەکارهێنانی ژوورە تاکەکەسیەکەی ماندێلا.

ک-ش