کارەساتە سروشتییەکان دوو هێندە زیادیان کردووە

وڵاتانی جیهان ناتوانن بۆ پێشگرتن لە زیاتر گەرمبوونی زەوی رێککەوتنێکى هاوبەش ئەنجام بدەن و رێوشوێنى پێویست بگرنەبەر، لەبەر ئەوەش کارەساتە سروشتییەکانى و زیانەکانى ساڵ لە دواى ساڵ زیاتر دەبن.

بەپێى راپۆرتێکى نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەمکردنەوەى مەترسیى رووداوە سروشتییەکان (UNISDR)، بەلانیکەمەوە زیانی کارەساتە سروشتییەکانى ٢٠ ساڵی رابردوو ١.٩ تریلیۆن یورۆ بووە. ئەو زیانانەش بە بەراورد بە ٢٠ ساڵی پێشووتر دوو هێندە زیادیان کردووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە ساڵانى ١٩٧٨ بۆ ١٩٩٧ ژمارەى ئەو رووداو و کارەساتە سروشتییانەى لە هەر ساڵێک لەو ساڵانەدا روویانداوە، ١٦٥ رووداو و کارەساتى سروشتى بوون، بەڵام لە ساڵانى ١٩٩٨ بۆ ٢٠١٧ ئەو رووداو و کارەساتە سروشتییانەى لە ساڵێک لەم ساڵانەدا روویانداوە گەیشتوەتە ٣٢٩ رووداو و کارەساتی سروشتی.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ٢٠ ساڵی برادوودا ١.٣ ملیۆن کەس بەهۆی کارەساتە سروشتییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە. ٤٤%ی ئەو کەسانەش بەهۆی پیسبوونی کەش و هەواوە ژیانیان لە دەستداوە.

بەهۆی رووداوە سروشتییەکانەوە ٤.٤ ملیار کەس لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون

بەگوێرەى راپۆرتەکەى نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەمکردنەوەى مەترسیى رووداوە سروشتییەکان (UNISDR) لە ٢٠ ساڵی رابردوودا ٤.٤ ملیار کەس بەهۆی کارەسات و رووداوە سروشتییەکانەوە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون. دەیان میلۆن کەسیش بریندار بوون. ٩٤%ی ئەو کەسانەى، کە بەهۆی رووداوە سروشتییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، هۆکارەکەى بۆ پیسبوونی کەش و هەوا و ژینگە دەگەڕێتەوە.

لە ناو ئەو وڵاتانەدا، کە زۆرترین زیانی داراییان بەهۆی کارەسات و رووداوە سروشتییەکان بەرکەوتووە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە پلەى یەکەمدایە، بەڵام هۆکاری ئەو زیانە زۆرە داراییە لە ئەمریکادا بۆ گرانبوونی بەهای زەوی و خانووبەرە و مڵکەکان دەگەڕێتەوە. بەڵام لە راستیدا زۆرترین زیان بەر وڵاتە هەژارەکان کەوتووە.

ر.م