کتێبی ئاوێنەی مەرگ چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی ئاوێنەی مەرگ، شیکارییەکی ورد و پۆخت، سەبارەت بە شەڕی تایبەت‌ لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە، کە لە ٢١٦ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

ئاوێنەی مەرگ لە ٩ بەشی سەرەکی داڕێژراوە کە شەڕی تایبەتی رژێمی داگیرکەری ئێرانی لەپەراوێزی مێژوو تا ئەمڕۆ، تێدا خراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. هاوکات ئەو ناوەندانەی کە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە گەل و کۆمەڵگا شەڕی تایبەت پەیڕەو دەکەن بۆ خوێنەر دەخاتەڕوو.

لەکتێبی ئاوێنەی مەرگدا، پەردە لەسەر پڕۆژەی دژە پژاک و کورد لادەبرێت، کە ناوەندەکانی شەڕی تایبەت لەئێران دژ بە گەلی کورد پەیڕەوی دەکەن. هەروەها گۆڕەپانەکانی گەردەلوولاوی شەڕی تایبەت لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرجەم ئەو دەستەواژانەی کە گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیخوازی کوردی پێ تیرۆریزە دەکرێت، خراونەتە بەر باس و گفتوگۆ.

لەدرێژەی کتێبەکەدا تاوتوێ لەسەر کۆمەڵێک خاڵی بنەڕەتی شەڕی تایبەتی رژێمی داگیرکەری ئێران لەدژی گەل و کۆمەڵگا کراوە. هاوکات هەوێنی تەڤگەرەکانی شەڕی تایبەت لەپەراوێزی مێژوو و حەڵقەکانی شەڕی تایبەت تا ئەمڕۆ بۆ خوێنەران باس کراوە.

لەدرێژەی پەرتووکەکەدا، شیکاری لەسەر سەرجەم پڕۆژەکانی سوپای پاسداران و هەوڵە داگیرکاریەکانی لەکوردستان کراوەو چۆنیەتی خۆپاراستن و پووچەڵ کردنەوەی شەڕی تایبەت لەناو گەل و کۆمەڵگاوە بە میتۆدی سەردەمیانە خراونەتەڕوو.

ئاوێنەی مەرگ، بە قەڵەمی ئامەد شاهۆ – وە نووسراوە و لەلایەن ناوەندی چاپەمەنی پژاک چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

بۆ وەرگرتنی کتێبی ئاوێنەی مەرگ، لینکی لای خوارەوە کلیک بکە:

http://pjak.eu/ku/wp-content/uploads/2019/12/aw%C3%AAney-merg.pdf

ز.ش